مەغریب هیوای هەڵبژاردە عەرەبییەکانە و بەلجیکاش لەبەردەم دوا هەلدایە

01-12-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مەغریب کەنەدا مۆندیالی 2022
A+ A-
 
 

رووداو دیجیتاڵ

لە پێناو گەڕاندنەوە شکۆی هەڵبژاردە عەرەبییەکان، کە تاوەکو ئێستا بە هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا، هیچ یەکێک لە هەڵبژاردەکانیان نەگەیشتووەتە قۆناخی شازدە، هەڵبژاردەی مەغریب بەرامبەر هەڵبژاردەی کەنەدا یارییدەکات.
 
مەغریب لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی شەشەمدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی کەنەدا دەبێتەوە، شێرەکانی ئەتڵەس لە یاریی رابردوودا بردنەوەیەکی مێژوویی و گرنگیان بەرامبەر بەلجیکا تۆمارکرد و سەرنجی هەموو جیهانیان راکێشا، ئێستا لە کۆمەڵەکەدا خاوەنی 4 خاڵن و هەلێکی گەورەیان لەبەردەمە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال، بەتایبەتیش کە رکابەرەکەیان خراپترینی نێو کۆمەڵەکەیە و لە هەردوو یاریی یەکەمدا دۆڕاوە و ماڵئاواییکردنیشی لە مۆندیال یەکلابووەتەوە.
 
مەغریب لە 1986بۆ جاری یەکەم لە مێژوویدا گەیشتە قۆناخی 16ـی مۆندیال، لەو کاتەوە هەڵبژاردەکە هیچ کاتێک ئەو قۆناخەی بەخۆیەوە نەبینیوە و ئەمڕۆ دەیەوێت بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا بگاتە ئەو قۆناخە، بەڵام تاکەکە بەربەستی بەردەم مەغریبییەکان ئەوە دەبێت، کە کەنەدا نایەوێت بەبێ هیچ بردنەوە و بەدەستهێنانی خاڵێک لە قەتەرەوە بگەڕێتەوە ئوتاوا.
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە هەردوو هەڵبژاردەی کرواتیا و بەلجیکا کۆدەکاتەوە، بەلجیکایەک کە هەمووان پێیان وایە ئەمە دوایین هەلی ئەستێرە گەورەکانی هەڵبژاردەکەیە بۆ ئەوەی لە مۆندیالدا شتێک بۆ وڵاتەکەیان بکەن، ئەوان دەیانەوێت بەبردنەوە لە کرواتیا وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆیانە بدەنەوە کە چەند رۆژی رابردوو لەبارەی ژووری جل گۆڕینی یانەکە بڵاوکرانەوە، بەتایبەت کە جگە لە بردنەوە ئەوان بژاردەیەکی دیکەیان نابێت بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
 
کرواتیا بەسەرکردایەتی لوکا مۆدریچ بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە، یەکسانبوون و بردنەوە بەسن بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکە بگاتە قۆناخی داهاتوو، بەڵام بردنەوەی یارییەکە کرواتییەکان لە قۆناخی شازدەدا لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی گەورە دەپارێزێت، بۆیە ئامانجی یەکەم و کۆتایی ئەستێرەکانی زەگریب بەدەستهێنانی سێ خاڵە.
 
بەلجیکا لە 2018 پلەی سێیەمی مۆندیالی بردەوە، ئێستا لەبەردەم بارودۆخێکی ئاڵۆزدایە، کیڤن دیبرۆین، ئێدین هازارد و تیبوا کۆرتوا زەحمەتە بە کرانە دەرەوەیان لە قۆناخی یەکەمدا رازیبن، بۆیە یارییەکەیان چاوەڕێی رکابەرییەکی تووندی تێدا دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە