کۆرۆنا تەنگی بە نیوکاسڵ هەڵچنیوە

رووداو دیجیتال

کۆرۆنا تەنگی بە یانەی نیوکاسڵ یونایتد هەڵچنیوە و بەرپرسانیشی یاریگەکەیان داخستووە و داوادەکەن یاری داهاتوویان لە پرێمەرلیگدا دوابخەن.

رۆژنامەکانی بەریتانیا رایانگەیاند، یانەی نیوکاسڵ یاریگەی مەشقەکانی داخستووە، بەهۆی ئەوەی رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ریزی یاریزان و کارمەندانیدا تا دێت بەرزدەبێتەوە.

دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووانی یانەکە بە کۆرۆنا گەیشتە 5 کەس، کە 4 یاریزان و راهێنەرێکن، یانەکە بڕیاریداوە هەموو یاریزان و دەستەی راهێنەران لە ماڵەوە کەرەنتینە بکرێن، بۆیە دەستیان لە مەشقەکانیان هەڵگرتووە و یاریگەکە داخراوە.

ستیڤ برۆسی راهێنەری نیوکاسڵ دوای بردنەوەی یانەکەی لە کریستال پالاس بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، لە دوایین یارییاندا لە پرێمەرلیگدا، رایگەیاند "سێ یاریزانمان تووشی کۆرۆنا بوونە".

لەدوای رۆژی هەینییەوە ئەو یانەیە هیچ یەکەیەکی مەشقی نەکردووە، بۆیە داوای لە یەکێتیی تۆپی پیی ئینگلتەرای کردووە یاری داهاتوویان لە پرێمەرلیگدا دوابخەن، کە رۆژی هەینی داهاتوو لە گەڕی 11ـدا بڕیارە ببێتە میوانی ئاستۆن ڤێلا.

یانەکە لە بارودۆخێکی خراپدایە و پێشبینی دەکرێت بە ئەنجامدانی پشکنینی زیاتر، ژمارەی تووشبووان لەنێو یاریزانەکانیدا زیاترببێت، ئەوکاتیش کێشەی زیاتری بۆ دروست دەبێت.