ئەستێرەیەکی بایرن میونشن پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدرید  لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی بایرن میونشن نزیك دەبێتەوە.
 
بەپێی میدیاکان، یانەی ریال مەدرید لە هەموو کات زیاتر گەشبینن لەبارەی گرێبەست کردن لەگەڵ ئەلفۆنسۆ دەیڤسـی ئەستێرەی بایرن و دەیانەوێت وەرزی داهاتوو یاریزانەکە بە درێسی یانەی شاهانە ببینن. 
 
ماوەی چەند مانگێکە ناوی دەیڤس بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە بەتایبەتیش کە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ریال مەدرید دەیەوێت لەو سەرئێشەیە رزگاری بێت کە شوێنی بەرگریکاری باڵی چەپ لە یانەکەدا بۆی دروستکردووە. بەپێی هەواڵەکان، دەیڤس و بریکارەکەی ماوەیەکی زۆرە کار بۆ ئەوە دەکەن ئەستێرە کەنەدییەکە بایرن بەجێبێڵێت و پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات. 
 
ساڵی 2025 گرێبەستی یاریزانە کەنەدییەکە لەگەڵ بایرن کۆتایی دێت و یانەکە چەند جارێك پەیوەندییان بە یاریزانەکەوە کردووە و هەوڵیان داوە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە بەڵام دەیڤس سوورە لەسەر رۆشتن لە بایرن و رەتی کردووەتەوە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە. 
 
پرسیارەکە ئەوەیە بایرن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەکات. ئەگەر یانەکە نەیەوێت دەیڤس بە خۆڕایی لەدەست بدات دەبێت لەگەڵ ریال مەدرید رێك بکەون و پێشبینی دەکرێت نرخی گرێبەستەکە لە نێوان 40 بۆ 50 ملیۆن یۆڕۆدا بێت. لە پێشوودا ریال مەدرید هەمان کاری بەرامبەر بایرن کردووە، کاتێك تەنیا بە 25 ملیۆن یۆڕۆ گرێبەستیان لەگەڵ تۆنی کروسـدا کرد و داڤید ئالابایان بە خۆڕایی گواستەوە، بۆیە پێدەچیت بایرن لە هاوینی داهاتوو یاریزانەکە بە بڕێك پارە بە ریال مەدرید بفرۆشێت. 
 
ئەلفۆنسۆ دەیڤسـی تەمەن 22 ساڵ، بە یەکێك لە یاریزانە بەهرەدارەکانی ئەوروپا دادەنرێت و لەگەڵ بایرن لەم وەرزەدا بەشداری 14 یاریدا کردووە و سێ ئاسیستی هەیە.