ئینتەرمیلان بیر لە گواستنەوەی مەهدی دەکاتەوە

01-11-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مەهدی تارمی ئینتەرمیلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، بەنیازە لە مانگی یەکدا مەهدی تارمی، یاریزانی ئێرانی لە یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالییەوە بگوازێتەوە، بەمەبەستی بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکەی.
 
رۆژنامەکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە، یانەی نێرازۆری ئارەزووی گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە ئێرانییەی هەیە، کە تەمەن 31 ساڵە و لە هاوینی رابردوودا هەوڵیدابوو بیگوازێتەوە، بەڵام نەیتوانی لەگەڵ یانەی پۆرتۆ بگەنە رێککەوتن، ئەمەش وایکرد تیپەکە پەنا بباتە بەر ئارناوتۆڤیچ و سانچێز.
 
ئارناوتۆڤیچ و سانچێز لە چەند مانگی یەکەمی ئەم وەرزەدا نەیانتوانیوە ئاستێکی باش پێشکیش بکەن، کە یانەکە بە کۆششی ئەو دووانە تەنیا گۆڵێکی تۆمارکردووە.
 
جگە لەمەش، ئارناوتۆڤیچ لە مانگی ئەیلوولەوە بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە و سانچێز بەدەست کەمی خولەکەکانی یاریکردنەوە دەناڵێنێت.
 
ئەو سەرچاوە ئیتاڵییانە دووپات لەوە دەکەنەوە کە تارمی بڕیاریداوە گرێبەستێکی خۆی لەگەڵ یانەی پۆرتۆ نوێ نەکاتەوە، بەمەش بەشێوەیەکی بێبەرامبەر دەتوانێت لە یانەکە بڕوات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارگێڕیی نێرازۆری دەیەوێت لە زستاندا هەوڵەکانی دەستپێبکات بۆ گواستنەوەی، بۆ ئەوەی لە دەستی دەرنەچێت.
 
دانوستاندنەکان لەم ماوەیەدا وەستاون سەبارەت بەو مووچەیەی کە یاریزانەکە لە کارگێڕیی نێرازۆری داوادەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە