فرێنکی دی یۆنگ بێدەنگی شکاند

رووداو دیجیتاڵ

 

فرێنکی دی یۆنگ، یاریزانی هۆڵەندیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە دەڵێن یاریزانەکە ئامادە نییە نەشتەرگەری بکات و گوتی "ئەو دەنگۆیانەی گوایە دەڵێن من 37 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە وەک مووچە وەردەگرم دوورن لە راستی".
 
دی یۆنگ دوای دوورکەوتنەوە بۆ ماوەی 5 مانگ لە بارسێلۆنا بەهۆی پێکانەوە، ئەمڕۆ پزیشکانی بارسا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکرد بۆ ئەوەی دەست بە یاری بکاتەوە، کە پێدەچێت ئەمشەو هانزی فلیکی راهێنەری بارسا لە یاریی بەرامبەر یەنگ بۆیز لە چامپیۆنزلیگدا چەند خولەکێک یاری پێبکات.
 
دی یۆنگ، سەرەتا گوتی "قۆناخێکی قورس بوو، چونکە یاریکردنی تۆپی پێم لە هەموو شتێک زیاتر خۆش دەوێت، تۆپی پێ خولیای منە و کاتێک ناتوانیت لە یارییە گەورەکاندا یاری بکەیت، لە یۆرۆ و لە زۆر لە یارییەکانی بارسێلۆنادا دۆخێکی زۆر سەختە، چونکە من زۆر حەزم لە یاری تۆپی پێیە".
 
یاریزانەکەی بارسا، گوتی "خەڵک زۆر باس لەوە دەکەن کە ئایا پێویستە من نەشتەرگەریم بۆ ئەنجام درابووایە یان نا. گوایە یانەکە ویستوویەتی نەشتەرگەریم بۆ بکرێت و منیش نەمویستووە، ئەوە بەهیچ شێوەیەک راست نییە، چونکە هەموو ئەندامانی یانەکە کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە ئەنجام نەدانی نەشتەرگەری باشترین بژاردەیە".
 
ئیاریزانە هۆڵەندییەکە بێزاریی خۆی لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی نادروست و دوور لە راستی نیشاندا و گوتی "من لەوە تێناگەم ئەم قسانە لە کوێوە هاتوون".
 
فرێنکی دی یۆنگ، زیاتر گوتی "زۆر شتیان لەسەر من گوت، کە من نەشتەرگەریم ناوێت و پارەیەکی زۆرم پێدەدرێت، ژمارەیەکی وەک 37 ملیۆن یۆرۆ یان زیاتر، دوورە لە راستی، زۆر زۆر دوورە لە واقیع".
 
ئەو گوتیشی "بۆیە لە کەسانێک تێدەگەم کە بێزارن لە بیستنی ئەو ژمارەیە، چونکە پێیان وایە پارەیەکی زۆرم دەست دەکەوێت و دەڵێن پێویستە نەشتەرگەری بکەم، بەڵام من رازی نیم، تەنیا دەمەوێت پشوو وەربگرم و راهێنان نەکەم، بەڵام هیچ کام لەمانە راست نین".
 
یاریزانی هۆڵەندی، لە کۆتاییدا گوتی "سێجار لە هەمان پاژنەی پێمدا تووشی پێکان بووم، بەڵام وردە وردە  متمانە بەخۆبوون و توانای لێدانی تۆپ و هێزم لە کاتی بەرکەوتندا بەدەستهێنایەوە، پێموایە دۆخی تەندروستیم باشە و هیوادارم گەڕانەوەم زۆری پێنەچێت".
 
هانزی فلیکی راهێنەر و هاندەرانی بارسێلۆنا، دڵخۆشن بە گەڕانەوەی دی یۆنگ، کە پێیانوایە یاریزانێکی گرنگی یانەکەیە و دەتوانێت هێزێکی زیاتر بە پێکهاتەی فلیک بدات.