ڤیدیۆ؛ پاریس میوانی ئارسیناڵە و عوسمان دونیای بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە

01-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
عوسمان دێمبلێ
عوسمان دێمبلێ
نیشانەکردن عوسمان دێمبلێ چامپیۆنزلیگ یانەی ئارسیناڵ پاریس سانجیرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەئومێدی گواستنەوەی ئاستی نایابیان لە خولی نێوخۆیی بۆ چامپیۆنزلیگ، ئارسیناڵی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە سەرنجڕاکێشترین یاریی گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگدا بەیەکدەگەن.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە یاریگەی ئیمارایتس بەیەکدەگەن.
 
ئارسیناڵ لە یاریگەی خۆیدا ئومێدی گەیشتنە بەیەکەم بردنەوە لە پاڵەوانێتییە ئەپدەیتکراوەکەی ئەمساڵ، پاشئەوەی لە گەڕی یەکەمدا نەیتوانی لە ئاتاڵانتای ئیتاڵی بباتەوە و بەبێ گۆڵ لەگەڵی یەکسانبوو.
 
یاریزانەکانی میکێل ئارتێتا، سەرمەستی سەرکەوتنی دوا خولەکی یارییەکەیانن بەرامبەر لیستەر سیتی لە پرێمەرلیگ، چاویان لە هێشتنەوەی تۆمارەکەیانە لە وەرزی ئەمساڵدا بەبێ دۆڕان.
 
ئارسیناڵ لەم یارییەشدا لە تواناکانی مارتن ئۆدیگاردی مایسترۆی ناوەڕاستی بێبەش دەبێت، بەڵام یاریزانانی دیکەی یانەکە چەندین بەربەستی زەحمەتیان بەبێ ئەو ئەستێرەیە بەسەرکەوتوویی بڕیوە، چاویان لەوەیە هەمان شت بەرامبەر سانجێرمانیش دووبارە بکەنەوە.
 
ئارسیناڵ کە ئەمساڵ لەهەردوو بەرەی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگدا ئەرک و یاریی زەحمەت چاوەڕێیەتی، دەیەوێت بەیەکەم بردنەوە لەبەردەم هاندەرەکانیدا، دڵنیایی بداتە هەمووان کە توانای ململانێکردنی زەبەلاحەکانی هەیە لەسەر هەردوو ئاستەکە.
 
پاریس سانجێرمان کە وێڕای لەدەستدانی کیلیان ئێمباپێی گۆڵکەری یەکەمی، بەئاستێکی ناوازەوە لە لیگ ئادا دەرکەوتووە، لای خۆیەوە ورەی بەرزە، پاشئەوەی تیپەکە لە شەش یاریی رابردووی خۆیدا، پێنج بردنەوەی بەدەستهێنا و توانایەکی گەورەی هێرشبەریی پێشاندا.
 
سانجێرمان، لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا سەرکەوتنێکی درەنگ وەختی بەسەر جیرۆنای ئیسپانیدا بەدەستهێنا، نزیکیی ستایلی یاریکردنی جیرۆنا و ئارسیناڵ لە یەکەوە کە لە فێرگەی پێپ گواردیۆلاوە سەرچاوە دەگرن، وادەکات یانە پاریسییەکە کۆدی سەرکەوتن بەسەر ئارسیناڵیشدا بدۆزێتەوە.
 
عوسمان لە دیمەنە گشتییەکەدا
 
ئەوەی بەسەر کۆی ئامادەسازییەکانی پاریس سانجێرمان بۆ یارییەکەی ئەمشەو زاڵە، دوورخستنەوەی عوسمان دێمبلییە لە لیستی یاریزانە گەشتکردووەکانی یانەکە بۆ ئینگلتەرا.
 
میدیاکان گوتیان، لویس ئینریکێی راهێنەر، عوسمان دێمبلی لە گەشتی یانەکە بێبەشکردووە، پاشئەوەی دەمەقاڵە لەنێوان هەردووکیاندا روویداوە، بەڵام ئینریکێ رەتیکردەوە دەمەقاڵەی لەگەڵ هیچ یاریزانێک بووبێت.
 
ئەو، دانیبەدوورخستنەوەی دێمبلیدانا، بەرۆژنامەڤانانی گوت، "هیچ مشتومڕێک لەنێوان من و یاریزانەکەدا رووینەداوە. ئەو راپۆرتانەی باس لە مشتومڕو دەمەقاڵە دەکەن، درۆن. هیچ کێشەیەک لە نێوان یاریزان و راهێنەردا نییە. ئەوەی هەیە ئەوەیە کە بابەتەکە پەیوەندی بەپابەندبوونی یاریزانەوە هەیە بەرامبەر بە تیپەکەی، بەڵام خۆ ناتوانم بەپێنج خولەکە دۆخەکە چاک بکەم".
 
لویس ئینریكێ لەبەردەم رۆژنامەڤاناندا، دێمبلێی بەپابەندنەبوون بەپابەندییەکانی لەگەڵ تیپەکە تۆمەتبارکرد، ئەو گوتی "ئەگەر هەر یاریزانێک پێویستییەکانی تیپەکە جێبەجێ نەکات، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئامادەنییە. لە هەفتەیەکی گرنگی وەک ئەم هەفتەیەدا و پێش یارییەکی ئاوها گرنگ، پێویستە هەموو یاریزانێک بەباشترین شێوە ئامادە بێت".
 
ئینریکێ، لەپێناو پاراستنی یەکگرتوویی تیپەکەی و پابەندبوون بەبەڵێنەکانی خۆی بۆ دروستکردنی تیپێک لە یانەکە دەربڕی، ئەو گوتی، "من دەبوو بڕیارێکی زۆر قورس بدەم، بەڵام پێموابوو باشترین بڕیارمدا لە بەرژەوەندیی تیپەکە. هەزار جاری دیکەش دووپاتیدەکەمەوە کە بڕیارەکە دروستبوو و ئەوەش مانای ئەوەیە کە دۆخەکە نەدەکرا چارە بکرێت، بەڵام باشترین بوو بۆ تیپەکە لەم یارییەدا. من ساڵی رابردوو گرێبەستم لەگەڵ پاریس کرد لەپێناو دروستکردنی تیپێک و ئێستاش دڵنیایی دەدەم لەهەمان هەنگاو و تاوەکو دوا رۆژی کارکردنیشم لە تیپەکە، پابەندم بەدروستکردنی تیپێکەوە. تیپێک کە ناسنامەی روونی خۆی هەبێت، بوێر و ئازا بێت، تیپێکی زۆر باشی تۆپی پێ".
 
راهێنەری سانجێرمان بەڵێنی بەدەستهێنانی نازناو نادات، بەڵام بەڵێنی دروستکردنی تیپ بەهاندەرانی دەدات، دەڵێ "من بەڵێنی نازناوەکان نادەم، ناتوانم بڵێم بەدڵنیاییەوە چامپیۆنزلیگ دەبەینەوە، بەداخەوە ناتوانم ئەو بەڵێنە بدەم، بەڵام ئەوەیدیکە، بەدڵنیاییەوە تاوەکو دوایین رۆژی کارکردنم لە پاریس دەیکەم، هەر کاتێکیش زانیم ئەوەم پێناکرێت کە بەڵێنمداوە، دەستبەجێ دەچمەوە ماڵەکەی خۆم و وازدەهێنم".
 
دووەم سەرکەوتنی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ، دەستکەوتێکی بەرچاو دەبێت بۆ لویس ئینریکێی راهێنەر، لە کاتێکدا توانیویەتی تیپەکەی لەژێر کاریگەریی چوونە دەرەوەی کیلیان ئێمباپێ بهێنێتە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە