کریستیانۆ، مانێ تەریق دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی رەیانی قەتەری، سادیۆ مانێی هێرشبەری یانەی نەسڕی سعودی بە رەفتارێک کریستیانۆ رۆناڵدۆی هاوڕێ پۆرتوگالییەکەی تووڕە دەکات، بۆیە کریس یاریزانە سەنیگالییەکە تەریق دەکاتەوە.
 
لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا، یانەی نەسڕی سعودی میوانداریی رەیانی قەتەری کرد و بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە کە نەسڕ 2-1 دەیباتەوە، مانێ بە هەڵسوکەوتێک کریسی تووڕە کرد.
 
وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەردەکەوێت، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبووەتەوە، مانێ بوتڵێک ئاو فڕێدەداتە نێو یاریگە، بەڵام کاتێک رۆناڵدۆ ئەو دیمەنە دەبینێت لە مانێ تووڕە دەبێت و سەرزەنشتی دەکات، ئیدی مانێ ناچاردەکات بوتڵە ئاوەکە هەڵبگرێتەوە.
 
وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە، رۆناڵدۆ دەستبەجێ بانگی مانێ دەکات و داوای لێدەکات بوتڵە ئاوەکە هەڵبگرێتەوە و بیباتە دەرەوەی یاریگا.
 
یانەی نەسڕ بەبردنەوەی ئەو یارییە لە رەیان لە قۆناخی کۆمەڵەکانی هەرێمی رۆژئاوای چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 4 خاڵ. 
 
یانەی نەسڕ چوارەم سەرکەوتنی لەسەریەک لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەدەستهێنا لەگەڵ ستیفانۆ پیۆلی راهێنەر کە جێگەی لویس کاسترۆی پۆرتوگالی گرتووەتەوە.
 
سادیۆ مانێ دوای یارییەکە، گوتی "ئێمە شایستەی سەرکەوتن بووین، ئەمڕۆ هەر لەسەرەتاوە باڵادەست بووین، هەلی زۆرمان دروستکرد، گۆڵی زیاترمان لە رکابەرەکە تۆمارکرد".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "هەموو شتێک بەباشی بەڕێوەدەچێت، چوار یاری و چوار بردنەوە، هەموو شتێک باشە و ئەمە گرنگترین شتە".