ئەمشەو بارسێلۆنا بەدوای خۆڕاستکردنەوەدا دەگەڕێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای شکستی لەناکاو لە لالیگا بەرامبەر ئۆسەسۆنا و ئەو هەموو کاردانەوە گەورەیەی لە یارییەکە کەوتەوە، بارسێلۆنا بەدوای راستەڕێکردنەوەی رێڕەوەکەیدا دەگەڕێت لە چامپیۆنزلیگ، کاتێک میوانداریی یۆنگ بۆیزی سویسری دەکات لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگدا.
 
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە میانی گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگدا ئەنجامدەدرێت.
 
ئەگەرچی هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا، بەرپرسیارێتی تەواوی شکستەکەی لالیگای لە ئەستۆ گرت و هۆکارەکەی بۆ ماندووبوونی یاریزانەکانی و پێویستییان بەپشوو گەڕاندەوە، بەڵام میدیاکانی کەتەلۆنیا ئاماژەیان بەوەدا کە فلیک هێندەی بیری لای سەرکەوتن بەسەر یۆنگ بۆیزدا بووە، هێندە بیری لە ئۆسەسۆنا نەدەکردەوە.
 
ئەوەی کە فلیک ناچاردەکات بەبیرکردنەوەی زۆر لە یارییەکەی ئۆسەسۆنا، پەیوەندی بە شکستی یانەکەوە هەیە لە یەکەم یاریی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ لە گەڕی یەکەمدا، کاتێک بە مۆناکۆی فەرەنسی دۆڕا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک.
 
بارسێلۆنا ئەگەرچی سەرەتایەکی ناوازە و خەیاڵیی لە لالیگادا هەبوو و نزیکبوو لەوەی هەشتەم بردنەوەی لەسەریەک بەدەست بهێنێت، بەڵام شکستەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بەرامبەر ئۆساسۆنا، زۆر خەیاڵی لای هاندەرانی یانەکە بەتاڵکردەوە.
 
وێڕای شکستەکە، پێشبینیکراوە هانزی فلیک وانەی گەورەی لە دۆخی تیپەکەی وەرگرتبێت و بەبیرکردنەوەیەکی جیاوازەوە روو لە یارییەکەی ئەمشەوی بکات، بەتایبەت کە دوو شکستی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگدا قبووڵکراو نییە لە یانەکە.
 
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، بەر لە یارییەکە بەڕۆژنامەڤانانی گوت، ئەوان ئەمشەو بەپێکهاتەی تەواوەوە یارییەکە ئەنجامدەدەن و رێزی زۆری رکابەرەکەیان دەگرن.
 
راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێ، "بەو پێکهاتەیەوە یارییدەکەین کە پێمانوایە باشترینە بۆ بەدەستهێنانی بردنەوە لە یارییەکەدا. راستە ئێمە یاریی یەکەممان دۆڕاند، بەڵام نابێ خەمۆکی بمانگرێت. دەبێ هاوسەنگیی بەدەست بهێنینەوە دوای شکستەتەکی ئۆساسۆنا. هەروەها دەبێ هەڵەی کەمتر بکەین و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرین".
 
گەڕانەوەی فرینکی دی یۆنگ، خاڵێکی پۆزەتیڤی گەورە دەبێت بۆ بارسێلۆنا لە هەفتەیەکدا کە تاڵاوی شکستی چەشتووە، راهێنەرەکەی دەڵێ، "دەبێ لەوپەڕی توانای جەستەییماندابین و گەڕانەوەی دی یۆنگ هەواڵێکی نایابە، ئەگەرچی ئەو تەنیا پێنج یان دە خولەک یاریی بکات".
 
پەرچەکرداری بارسێلۆنا، بەرامبەر رکابەرێک کە مێژوویەکی کەم و نوێی لە چامپیۆنزلیگدا هەیە، پێوانەیەکی گەورە دەبێت بۆ سەقامگیربوونەوەی تیپەکە لە کاروانی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگدا.
 
یۆنگ بۆیز بەهەمان شێوەی بارسێلۆنا لە یاریی یەکەمیدا لە چامپیۆنزلیگ لە نێو یاریگەی خۆیدا و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە ئاستۆن ڤێلا دۆڕاوە، کەتەلۆنییەکان هەلێکی گەورەیان هەیە بۆ ئەوەی لە رێگەی یارییەکەوە، هەموو لادانەکانی کاروانەکەیان، بەو یانەیە راستبکەنەوە و ئارامیی بەدڵی هاندەرەکانیان ببەخشنەوە.