پێرێز بۆ بەهێزکردنی ریال مەدرید چاوی لە پۆرتوگالە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید سەرقاڵی داڕشتنی پلانەکانیەتی بۆ وەرزی داهاتوو و دەیەوێت ئەو کێشانە چارەسەربکات، کە لە تیپەکەدا هەن، بەتایبەتیش لە هێڵی بەرگریی یانەکە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید بەهۆی پێکانی ئیدێر میلیتاو و دەیڤد ئالابا، لە هێڵی بەرگریدا تووشی کێشەی زۆر بووە، هەروەها ئەگەری هەیە یەکێک لە ناچۆ فێرناندێز، لوکاس ڤاسکێز یان دەیڤد ئالابا لە گواستنەوەی هاوینی ساڵی داهاتوودا لە یانەکە بڕۆن، لەبەرئەوە یانەکە پێویستیی بە چارەسەر دەبێت و پێویستە گرێبەستی نوێ بکات.
 
یەکێک لەو یاریزانانەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی شاهانە پێی سەرسامە و دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکات، گونچالۆ ئیناسیۆ، بەرگریکاری لاوی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالییە و دەیەوێت هاوینی ساڵی داهاتوو ئەو یاریزانە بباتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
ماڵپەری دێڤێنسا سێنترالی ئیسپانی دەڵێت "نرخی گواستنەوەی یاریزانەکە دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ، ریال مەدرید پەلە لە گواستنەوەی یاریزانەکە دەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هیچ یانەیەک نەکەوێتە رکابەریکردن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی یاریزانەکە."
 
یاریزانە پۆرتوگالییەکە ریال مەدریدی خۆشدەوێت، یاریزانەکە لەگەڵ شێوازی یانەی شاهانە دەگونجێت و ئەگەری هەیە داهاتووی بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێت.
 
ئیناسیۆ تەمەنی 22 ساڵە، نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 30 ملیۆن یۆرۆیە، گرێبەستەکەی لەگەڵ سپۆرتینگ لیشبۆنە لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت.