ڤیدیۆ؛ بەهۆی پێکانێکی مەترسیدار یارییەکەی ئەیاکس تەواو نەکرا

رووداو دیجیتاڵ

 

جارێکی دیکە یارییەکی یانەی ئەیاکس راگیرا، بەڵام ئەمجارە لەبەر یارییە ئاگرینەکان و تووندوتیژی هاندەرانی نا، بەڵکو لەبەر روودانی پێکدادانێکی مەترسیدار لە نێوان دوو یاریزاندا.
 
رووداوێکی سەخت لە یاریی نێوان یانەی ڤاڵڤیک و ئەیاکسی میوانی، لە گەڕی حەوتەمی خولی نایابی هۆڵەندا، بووە هۆکاری راگرتنی یارییەکە.
 
رووداوەکە کاتێک روویدا کە گۆڵپارێزی ڤاڵڤیک، ئیتیان ڤاسنی تەمەن 28 ساڵ، هەوڵیدا بەپەلە تۆپەکە بگرێت، پێش ئەوەی بگاتە برایان پرۆبی هێرشبەری یانەی ئەیاکس، بەڵام بە شێوەیەکی مەترسیدار پێکدادان لە نێوانیان روویدا. 
 
گۆڵپارێزەکە لەنێو یاریگادا چارەسەری بۆ کرا و دواتر ستافی یاریگاکە بەپەلە هاتنە نێو یاریگە و پەردەیەکیان بە دەوری یاریزانەکە و تیمی پزیشکاندا بەرزکردەوە بۆ ئەوەی هاندەران بپارێزن لەوەی بزانن چی بەسەری هاتووە.
 
دواتر ئەیاکس بڵاویکردەوە، کە یارییەکە وەستاوە بەهۆی ئەوەی پێدەچێت گۆڵپارێزەکەی ڤاڵڤیک تووشی دۆخێکی مەترسیدار بووبێت، و هیوای خواست گۆڵپارێزەکە سەلامەت بێت.
 
ئەیاکس بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لەپێش ڤاڵڤیک بوو، کاتێک رووداوەکە 10 خولەک پێش فیکەی کۆتایی روویدا.
 
لە خولەکی بیست و نۆدا ئەیاکس بە گۆڵێکی برایان برۆبی پێشکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ڤاڵڤیک لە خولەکی سی و حەوتەمدا بە گۆڵێکی مایکل ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی چل و سێدا ئەیاکس بۆ جاری دووەم پێشکەوتنی بەدەستهێنا، کە گۆڵەکە بە لێدانی سزا لەلایەن ستیڤن بێرگڤینەوە تۆمارکرا، بەڵام ڤاڵڤیک جارێکی دیکە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، کاتێک لە خولەکی پەنجا و یەکدا گۆڵی دووەمی خۆی لە رێگەی یاسین ئۆکیلیەوە تۆمارکرد.
 
ستیڤن بێرگڤین لە خولەکی پەنجا و حەوتدا گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ئایاکسی لە یارییەکەدا تۆمارکرد، دواتر گۆڵپارێزەکەی ڤاڵڤیک تووشی رووداوەکە بوو، و یارییەکە تەواو نەکرا.