ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید خیرۆنای لە پێشەنگ دوورخستەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید سەرکەوتنێکی گەورە و گرنگی بەسەر خیرۆنادا بەدەستهێنا و پێشەنگی لالیگای لێوەرگرتەوە.
 
لە یاریی لووتکەی گەڕی هەشتەمی لالیگادا، ریال مەدرید بووە میوانی خیرۆنا و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
 
خیرۆنا لە بەرامبەر هاندەرانیدا تەنیا چارەکە کاژێرێک خۆی راگرت و گۆڵەکانی ریال مەدرید لەلایەن خۆسێلۆوە دەستییانپێکرد، کاتێک لە خولەکی 17 تۆڕی خیرۆنای هەژاند.
 
دوای تەنیا 4 خولەک، چوامینی گۆڵێکی دیکەی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد، کە یەکەم گۆڵی ئەو یاریزانە فەرەنسییە بوو بە درێسی ریال مەدریدەوە.
 
نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی یانەی میوان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات و لە نیوەی دووەمیشدا هیچ شتێک نەگۆڕا، جگە لە گۆڵی سێیەمی ریال مەدرید، کە لە خولەکی 71 لە لایەن بێلینگهامەوە تۆمارکرا، کە گۆڵی ژمارە 6ـی ئەو یاریزانە بوو، و بەهۆیەوە گەیشتە پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگا.
 
بەم سەرکەوتنە ریال مەدرید چووە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا، بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ، لە بەرامبەردا خیرۆناش لە پلەی سێیەمدا 19 خاڵی هەیە. بارسێلۆناش دووەمە و خاوەنی 20 خاڵە.