هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە هەولێرەوە خۆی بۆ کوێت ئامادەدەکات

رووداو هەولێر 

هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، بەشداری لە پاڵەوانێتی وڵاتانی ئاسیا لە کوێت دەکات و ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە. 
 
یارییەکانی رکابەری ئاسیا رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی عێراق بەر لەچوونە نێو پاڵەوانێتیەکە کەمپێکی راهێنانی بۆ یاریزانانی لە شاری هەولێر کردووەتەوە و ئامادەکارییەکانی بەردەوامە. 
 
رێبوار جەباری، ئەندامی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "مەبەست لە کردنەوەی ئەم کەمپە ئامادەکاری یاریزانانمانە بەشێوەیەکی زۆر باش، ئێمە 20 یاریزانمان بۆ هەولێر بانگهێشتکردووە، بەڵام دوای پاڵاوتنیان بە 10 یاریزان بەشداریی یارییەکانی پاڵەوانێتی ئاسیا دەکەین و متمانەمان بە تیپەکەمان بۆ بردنەوەی میدالیاکان هەیە".
 
لە کوێت هەریەک لە فیدراسیۆنەکانی ئاسیا، رۆژئاوای ئاسیا و عەرەب کۆدەبنەوە بۆ رێکخستنەوەی کاروباری لیژنەکان و گۆڕانکاری لە کاری داهاتوویان، هەروەها کەسی نوێ دەخەنە نێو لیژنەکان و عێراق 4 کاندیدی هەیە بۆ چوونە نێو لیژنەکان.
 
جەباری گوتیشی "دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکان و خۆم یەکێکم لەوانەی بەنوێنەرایەتی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق دەچمە نێو لیژنەی بەبازاڕکردن لە یەکێک لە فیدراسیۆنەکان، بوونی ئێمە لەو لیژنانە بۆ داهاتووی وەرزشی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە". 
 
فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، کە بارەگاکەی لە شاری بەغدایە، لە 1948 دامەزراوە.