ڤیدیۆ؛ پۆرتۆ بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پۆرتۆ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی بێنفیکای یەکەمی ریزبەندی خولی پۆرتوگال کردە دوو خاڵ.
 
پۆرتۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتی خولەکەدا، لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی سپۆرتینگ براگا یارییکرد و بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی لێبردەوە.
 
دوای 31 خولەک یارییکردن، ئیڤانێلسۆن گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، پاشان دوای تەنیا دوو خولەک ستیڤان ئیستاکیۆ گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 55 کێپلەر پێپێ گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و جیاوازییەکەی بۆ براگا کەمکردەوە، بەڵام لە خولەکی 63 ئیدوارد گابریێل گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و پۆرتۆ لە بردنەوە نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 84 ماتیۆس لیما لە سپۆرتینگ براگا کارتی سووری وەرگرت، پاشان لە خولەکی 95 وێندێرسۆن گالینۆ گۆڵی چوارەم و یەکلاکردنەوەی سێ خاڵی یارییەکەی تۆمارکرد.
 
پۆرتۆ بەم بردنەوەیە ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ براگا یەکسانکردەوە و بووە خاوەنی 19 خاڵ و بەجیاوازیی دوو خاڵ لە دواوەی بێنفیکا یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.