چاڤی هەواڵێکی ناخۆشی بە هاندەرانی بارسێلۆنا راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هەواڵێکی ناخۆشی بە هاندەرانی بلاوگرانای راگەیاند، کە پەیوەستە بە دوورکەوتنەوەی یاریزانێکی گرنگی یانەکەیان. لەبارەی یارییەکەشیان بەرامبەر مایۆرکا گوتی "ئێستا تەنیا بیر لە یاریی مایۆرکا دەکەینەوە، دەبێت بیبەینەوە".
 
ئەمشەو لە گەڕی 7ـی لالیگادا، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا دەبێتە میوانی مایۆرکا و هەوڵدەدات بەشێوەیەکی کاتی بچێتە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا، کە ئێستا بە جیاوازی دوو خاڵ لە ریال مەدریدی پێشەنگ پلەی دووەمی گرتووە،
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت تەنیا بیر لەو یارییە بکەنەوە و گوتی "ئێستا من تەنیا بیر لە بردنەوە لەم یارییەدا دەکەمەوە، بێگومان ئەگەر تا کۆتایی گەڕەکە لە لووتکەدا بین، ئەوە باشترە. بەڵام ئەرکی ئێمە ئەوەیە بەرامبەر مایۆرکا سەرکەوتن بەدەستبهێنین".
 
ئەو لەبارەی رکابەرکەیانەوە گوتی "مایۆرکا رکابەرێکی زەحمەتە، ئەوان بە باشی بەرگری دەکەن و بە رۆحێکی گەورەوە یارییدەکەن. راهێنەرەکەیان ئەگیێری کارێکی زۆر باش دەکات، بینیمان چۆن بەرامبەر ریال مەدرید یارییان کرد، زۆر باش بوون".
 
راهێنەری بلاوگرانا، هەواڵێکی ناخۆشی بە هاندەرانی یانەکەی راگەیاند و گوتی "بۆ رۆناڵد ئاراوخۆ ناڕەحەتم، چونکە پێکانەکەی ماوەیەکی زۆری دەوێت تا چاک دەبێتەوە، ناچاربوو نەشتەرگەری بۆ بکرێت، ئەوەش مانای وایە بۆ ماوەیەکی زۆر مەشق ناکات و یاری ناکات".
 
ئەو زیاتر لەبارەی ئاراوخۆیەوە گوتی "ئەوە دڵتەنگم دەکات، نەک تەنیا بۆ ئەو، بەڵکو بۆ تیپەکەشمان، چونکە ئەو لە بەرگریماندا جیاوازی دروست دەکات، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە و ئەم شتانە روودەدەن و دەبێت قبوڵیان بکەین".