سیمۆنی ئینزاگی؛ یاریزانەکانم شەکەتبوون

سیمۆنی ئینزاگی؛ یاریزانەکانم شەکەتبوون

سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی گوتی: "یاریزانەکانمان زۆر ماندوون، بۆ ئەوەی بەسەر ساسۆلۆ سەربکەوین، دەبێت لە باشترین ئاستدابین، دڵنیاشم یەکسانبوونمان لە دوو یاریی رابردوو بەرامبەر ئاتالانتا و شاختار، هیچ پێویست بە نیگەرانی ناکات و ئاساییە، بۆیە ئێمە لە دۆخێکی باشداین".

ئینزاگی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی یانەی ساسۆلۆ گوتی: "ئەوە یارییەکی ئاسان نابێت بۆ ئێمە، چونکە ساسۆلۆ تیپێکی بەهێزە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئێمە لە ماوەی 20 رۆژدا 7 یاریمان ئەنجامداوە، ئەوەش کاریگەری هۆشەکی و جەستەیی لەسەر یاریزانەکانم دروست کردووە و هەست بە شەکەتبوون دەکەن".

هەروەها ئینزاگی گوتیشی: "ئێمە بەرامبەر سامبدۆریا و ئاتالانتا چوار خاڵمان لەدەستدا، بۆیە پێویستە زیاتر گەشە بە ئاست و توانای خۆمان بدەین، چونکە ساسۆلۆ تیپێکی نایابە، چ لەسەر ئاستی یاری بە کۆمەڵ و چ لەسەر ئاستی تاکەکەسی تیپێکی نایابە، بۆیە پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز و کۆششی زۆر مەرجی سەرکەوتنمانە".

یانەی ئینتەرمیلان دوای تێپەڕبوونی شەش گەڕی سێریا ئەی بە جیاوازی چوار خاڵ لەگەڵ ناپۆلی پێشەنگی ریزبەندی، ئێستا بە پلەی سێیەم دێت، شەممەی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی ساسۆلۆی دوازدەیەمی ریزبەندی دەبێتەوە.