ژیرترین 10 یاریزانی مێژوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ژیرترین یاریزانانی جیهان لیۆنێل مێسی دیێگۆ مارادۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ماڵپەڕێکی جیهانی لەسەر بنەمای چەندین پێوەری زانستی، لیستی 10 باشترین یاریزانی زیرەک و عاقڵی لە مێژووی تۆپی پێدا دەستنیشانکردووە، کە لیۆنێل مێسی پلەی یەکەمی گرتووە و دیێگۆ مارادۆناش پلەی دووەم. جێی سەرنجە، ناوی هەریەک لە پێلێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و زینەدین زیدانی تێدا نییە.
 
زیرەکی یان ژیریی یاریزان، لە تۆپی پێدا یەکێکە لە توانا هەرە بەنرخەکانی یاریکردن. هەندێک یاریزان بەتەواوی درەوشاوەن خاون خێراییەکی زۆرن، لە گۆڵکردن بەبەهرەن. هەندێکیش توانای جێبەجێکردنی رێنماییەکانی راهێنەرەکەیان زیاترە لەوانەی دیکە. هەندێکی دیکە سروشتێکی سەربەخۆتریان هەیە، بە عەقڵ یاری دەکەن و دەتوانن لە هێکڕا ساتی ئەفسوناوی لەنێو یاریگەدا لە هیچەوە دروست بکەن.
 
ئەو فاکتەرەی کە زیرەکیی و ژیریی یاریزانەکان لەوانی دیکە جیادەکاتەوە، توانای بڕیاردانی دروستە لە هەر چرکەیەکدا، ئەوانەی شیکاری بۆ یاریزانی بەرامبەر دەکەن، و هاوڕێکانیان ئەوەندە باش دەناسن کە دەتوانن رووداوەکانی یارییەکە ببینن پێش ئەوەی رووبدەن. هەمیشە هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوە شوێنی گونجاو و ئەنجامدانی کاریگەرترین کردار کاتێک تۆپەکەیان بەدەستەوەیە.
 
ماڵپەڕی givemesport لەسەر بنەمای چەندین پێوەری زانستی، لیستی 10 باشترین یاریزانی زیرەک و عاقڵی لە مێژوودا دەستنیشانکردووە، کە بەپێی ئەو ریزبەندییە یەکەم و عاقڵترین یاریزانی مێژوو، لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکییە. 
 
ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنجە ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕ سعودیە لە لیستەکەدا نییە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، پێوەرگەلێک هەن کە پشتیان پێبەستراوە، دیارترینیان "توانای بڕیاردانی گونجاو لەسەر بنەمای خوێندنەوەی وردی رێڕەوی یارییەکە و شیکردنەوەی تیپی بەرامبەر".
 
پێوەری دووەم بریتییە لە "شیکاریکردنی جوڵەکانی تیپی بەرامبەر و توانای پێشبینیکردنی ئەوەی کە لە کاتی یارییەکەدا چی روودەدات، پاشان ناسینی توانای هاوڕێکانی بەباشی".
 
پێوەرێکی دیکە بریتییە لە توانای دۆزینەوەی رووبەری چۆڵ لە یاریگادا و قۆستنەوەی دەرفەتەکان لە کاتی بەدەستهێنانی تۆپەکەدا، هەروەها هەندێک لە یاریزانەکان لە رێگەی توانای دروستکردنی ساتی ئەفسوناوی لە هیچەوە، لە رێگەی داهێنان لە یاریکردن یان جێبەجێکردنی کارامەیی چاوەڕواننەکراو.
 
دوا پێوەر لەم پێوەرانە بریتییە لە "توانای جێبەجێکردنی رێنماییە تاکتیکییەکانی راهێنەر بە وردییەکی بەرز".
 

بەگوێرەی ئەو لیستە ریزبەندیی عاقڵترین و ژیرترین یاریزانانی میژووی تۆپی پێ بەمشێوەیە:
 
10 - ئاندریا پیرلۆ (میلان - یوڤێنتوس)
 
کاتێک باس لە یاریزانە زیرەکەکان دەکەین، یاریزانانی ناوەڕاست دێنە بیرمان، کە ئاندریا پیرلۆ نموونەیەکیانە.
 
ئەستێرە ئیتاڵییەکە توانی هەموو رۆڵەکانی لە هێڵی ناوەڕاستدا بگێڕێت، کە تێیدا پتەویی بەرگری هەبوو و هەروەها هەڕەشەیەکی راستەقینەی هێرشبەریشی هەبوو وەک یاریزانێکی ناوەڕاست. بەهۆی لێهاتوویی لە پاسدان دەیتوانی پاسەکانی بەسەر هەموو شوێنەکانی یاریگادا دابەش بکات.
 
ئەوەی زۆر تیشک دەخاتە سەر ژیریی یاریزانەکەی پێشووی یوڤێنتوس، ئەو لێدانی سزایەیە، کە لە یۆرۆی 2012 ئەنجامیدا، بەرامبەر ئینگلتەرا لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا. کەشی یارییەکە زۆر گرژبوو، جۆ هارتی گۆڵپارێزی ئینگلتەراش بە چەندین شێوە هەوڵی بێزارکردنی پیرلۆی دەدات، بەڵام یاریزانە ئیتاڵییەکە بەتەواوی بەهێمنی تۆپەکەی لەسەر شێوازی پانێنکا جێبەجێکرد، و یارمەتی تیپەکەی دا جێگەی خۆی لە قۆناخی پێش کۆتاییدا بگرێت.
 

9 - پۆڵ سکۆلز (مانچێستەر یونایتد)
 
سکۆلز ئەفسانەی یانەی مانچێستەر یونایتدە، ئەو یاریزانە ئینگلیزییە خاوەنی چەندین لێهاتوویی بووە و بەشێکی سەرەکی بووە لە سەرکەوتنی شەیتانە سوورەکان لەو کاتەدا.
 
کاتێک تۆپەکەی لانەدەبوو، شەڕانگێز و تێکۆشەر بوو، بەڵام کاتێک تۆپەکە لەبەر قاچەکانی دەبوو زۆر ورد بوو، ئەوەی وایلێکرد کە یاریزانێکی خەیاڵی بێت، ئەوەبوو کە سکۆلز نەک هەر توانی لە هەموو یاریزانێکی دیکە باشتر تۆپەکە بگوازێتەوە، بەڵکو چاوێکی بەهێزی هەبوو بۆ تۆمارکردنی گۆڵی نایاب، چەندین گۆڵی دوور مەودای تۆمارکرد لە ماوەی ژیانی سەرکەوتووی خۆیدا. 
 
هەر یاریزانێک لەگەڵ سکۆلز یاری کردبێت، دەڵێت "سکۆلز یەکێکە لە باشترین یاریزانەکان کە تاوەکو ئێستا بینیویەتی"، هەروەها بەهۆی توانا سەرسوڕهێنەرەکانی لەسەر تۆپ، بە بلیمەتێکی راستەقینە لە جیهانی تۆپی پێدا دادەنرێت.
 

8 - فیلیپ لام (بایرن میونشن)
 
یاریزانێکی زیرەک تەنیا ئەوە نییە کە کوالیتییەکی بەرزی کۆنترۆڵکردنی تۆپی هەبێت، بەڵکو پەیوەندی بە تێگەیشتن لە یارییەکە و توانای یاریکردنە لە چەندین پۆستدا.
 
فیلیپ لام، وەک یاریزانی باڵ و وەک یاریزانێکی بەرگری لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا بە ئاستێکی زۆر بەرزەوە یاری کردووە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر راددەی زیرەکیی ئەستێرە ئەڵمانییەکە. 
 
ئەو هەمیشە تێگەیشتنێکی تەواوی بۆ دۆخی هەر یارییەک هەبوو. رۆڵە جیاوازەکانی لە یاریگادا سەرسوڕهێنەربوون، کە ئەمە رێگەی پێدا ببێتە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان لە چەندین پۆستدا.
 
سەرسوڕهێنەرترین ئامار لەسەر لام ئەوەیە کە لە تەواوی ژیانی وەرزشیی خۆیدا کارتی سووری وەرنەگرتووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چەندە زیرەک و عاقڵ بووە لە یاریگادا، بەو پێیەی هەمیشە لە شوێنی گونجاو و بە عەقڵیەتێکی ئارام دەرکەوتووە.
 

7 - تۆماس مۆلەر (بایرن میونشن)
 
مۆلەر دەتوانێت لە چەندین پۆستدا رۆڵ بگێڕێت، چ لە هێڵی ناوەڕاست یان هێرشبردن، لە هەمانکاتدا بەشێوەیەکی بڕواپێنەکراو خۆنەویستە.
 
ئەستێرە ئەڵمانییەکە بەخێراییەکەی ناناسرێت، بەڵام هەمیشە لە شوێنی گونجاو دەردەکەوێت بۆ هەڵگەڕاندنەوەی هەل یان دروستکردنی هەل. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە تێگەیشتنی ئەو لە یارییەکە چەندە قوڵە.
 
عەقڵیەتی تۆپی پێی تۆماس مۆلەر سەرسوڕهێنەرە و ژمارەی پێوانەیی لە گۆڵ و ئەسیستەکاندا نزیکە لە یەکدی؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چەندە هاوسەنگە وەک یاریزانێک، و چەندە بەهایەکی زۆری هەیە بۆ دروستکردنی دەرفەت بۆ تیپەکەی جگە لە تۆمارکردنی چەندی گۆڵیش.
 

6 - لوکا مۆدریچ (ریال مەدرید)
 
ئەستێرە کرواتییەکە بووە یاریزانێکی جێگیر لە هێڵی ناوەڕاستی مەدرید، چونکە تیپەکەی توانی سێ ساڵ لەسەریەک لە ساڵی 2016، 2017 و 2018 نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.
 
لەگەڵ تۆپ و بەبێ تۆپ داهێنەرە، توخمی سەرکی زۆربەی تاکتیکەکانی راهێنەر بوو، تیپەکەی بەباشی سەرپەرشتی دەکات لە هەر یارییەکدا کە بەشداری تێدا دەکات.
 
ئاستی مۆدریچ، لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی وایلێکرد ببێتە یەکێک لە باشترین هەڵبژاردە نیشتمانییەکان، چونکە تەنانەت گەیشتنە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2018، دەستکەوتێکی سەرسوڕهێنەر بوو بۆ وڵاتێکی بچووکی وەک کرواتیا.
 
مۆدریچ لە ساڵی 2018 خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە، بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ناوەڕاستی نەوەی خۆی دادەنرێت، لە یەکێک لە باشترین تیپەکانی هەموو سەردەمەکاندا یاری کردووە.
 
5 - دێنیس بێرگهامپ (ئارسیناڵ - ئینتەرمیلان)
 

زیرەکی تۆپی پێی دێنیس بێرگهامپ لە پلەی بەرزدا بوو وا دیار بوو چاوی لە پشتی بوو کاتێک لە یاریگادا بوو، چونکە هەمیشە ئاگاداری دەوروبەری بوو و پێگەی بەرگریکارەکانی یان هاوڕێکانی زۆرجار بڕیاری سەرسوڕهێنەری دەدا بەرگریکارانی خێرا و سەرلێشێواو، و دروستکردنی هەل بۆ تیپەکەی.
 
لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ ئارسیناڵ، هێرشبەرە هۆڵەندییەکە هاوبەشییەکی سەرسوڕهێنەری لەگەڵ تێری هێنری پێکهێنا، بە رۆڵی سەرەکی هەردووکیان گەنەرز بەبێ شکست توانی نازناوی خولی نایابی ئینگلیزی بەدەستبهێنێت.
 
کاتێک هەواداران بیر لە بێرگکامپ دەکەنەوە، ساتێک هەیە کە بۆیان جیاوازە؛ لە گۆڵەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ، یاریزانی پێشووی ئایاکس تۆپەکەی لە پشتەوە وەرگرت، پێش ئەوەی تۆپەکە بە دەوری بەرگریکارەکەدا تێپەڕێنێت بەبێ ئەوەی تەنانەت سەیری بکات.
 
4 - چاڤی هێرناندێز (بارسێلۆنا)
 

ئەوەی چاڤی جیادەکاتەوە لە کاتی سەیرکردنیدا ئەوەیە کە چەندە سەرنجی لەسەر چاودێریکردنی یاریگا بووە، بەو پێیەی سەیری هەموو یاریزانێکی دەکرد، چ لە تیپەکەیەوە بێت، یان لە بەرامبەرەوە، هەمیشە ئاگاداری ئەوە بووە کە پاسی داهاتوو بۆ کوێ دەنێرێت و لە کوێ دەتوانێت دەرفەتێک دروست بکات.
 
فەلسەفەی بارسێلۆنای پێپ گواردیۆلا کۆنترۆلکردنی تۆپ و یاریکردن بوو بە پاسی بچووک و ورد لە دەوری رکابەرەکانیان، چاڤی دڵی ئەم فەلسەفەیە بوو، کە بەدەگمەن تۆپەکەی لەدەست دەدا، و زیرەکییەکی سەرسوڕهێنەری لەسەر تۆپەکە هەبوو کاتێک تۆپەکەی بەدەستەوە بوو، هەمیشە دەیتوانی هاوڕێیەکی لە باشترین شوێندا بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی پاسی پێبدات.
 
3- ئاندرێس ئینێستا (بارسێلۆنا)
 
ئینێستا لەلایەن زۆر لە هاندەرانی تۆپی پێوە، بە یەکێک لە باشترین و زیرەکترین یاریزانانی ناوەڕاست دادەنرێت لە مێژووی تۆپی پێدا، هاوکات شانبەشانی چاڤی دڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنای پێپ گواردیۆلا بوو، ئاستێکی سەرسوڕهێنەری هاوسەنگی و کۆنترۆڵکردنی تۆپ و ئارامیی پیشاندا. کە زۆر یارمەتیدەر بوو بۆ جێبەجێکردنی شێوازی یاریکردنی تیکی تاکای بەنێوبانگ.
 
ئینێستا زیاتر لە چاڤی هێرشبەری بوو. ئەو کاتێک گۆڵی بردنەوەی لە کاتی زیادکراودا لە یاری کۆتایی جامی جیهانی 20210 بۆ ئیسپانیا تۆمارکرد، بۆ هەمیشە ناوی خۆی لە مێژووی تۆپی پێدا نووسییەوە.
 

2 - مارادۆنا (ناپۆلی - بارسێلۆنا)
 
دیێگۆ مارادۆنا لە جیهانی تۆپی پێدا لەپێش سەردەمی خۆیەوە بوو، هیچ کەسێکی دیکە وەک ئەو نریدەتوانی رکابەرانی ببڕێت، کە بەخێراییەکی زۆرەوە بەرگریکارانی تێدەپەڕاند و بەزۆری هێرشەکەی بە لێدانێکی تەواو وردەوە کۆتایی پێدەهێنا.
 
هۆکارێکی دیکە هەیە بۆ ئەوەی کە مارادۆنا بە دووەم عاقڵترین یاریزانی مێژوو دابنرێت، ئەویش ئەوەیە کە بۆ هەر یانەیەک یاری کردبێت بووە بە ئەفسانەی ژامەر یەکی ئەو یانەیە وتاوەکو ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی لەسەر ئەو یانانە ماون. مارادۆنا زیاتر بوو لە تەنیا یاریزانێکی تۆپی پێ، پاڵەوان بوو.
 
لەوانەیە ئەوەی پێناسەیەکی کورت بۆ مارادۆنا دەکات، گۆڵە بەنێوبانگەکەی بێت بە دەست کە لە مۆندیالی 1986 لە مەکسیک بەرامبەر ئینگلتەرا کردی. ئەو گۆڵە خواستی گەورەی مارادۆنای بۆ بردنەوە و داهێنان و بلیمەتی خۆی بۆ تاقیکردنەوەی شتێک نیشاندا کە کەسی دیکە بیری لێ نەدەکردەوە.
 

1 - لیۆنێل مێسی (بارسێلۆنا - ئینتەرمەیامی)
 
لیۆنێل مێسی، لەلایەن زۆر کەسەوە بە گەورەترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت، بەهۆی داهێنان، لێهاتوویی و تۆمارکردنی گۆڵی سەرسوڕهێنەر، کە هەموو شتێکی ئەو یاریزانە جێگەی سەرسامییە.
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە هەموو ئەو شتانەی بەدەستهێناوە کە لە جیهانی تۆپی پێدا هەن، لەوانەش هەشت باڵۆن دۆر، مۆندیال و چوار چامپیۆنزلیگ.
 
مێسی بەشێوازێکی سەیر و نامۆ یاریزانانی رکابەر دەبڕێت، بەشێوەیەک هەست ناکەی درزێک هەبێت بۆ رۆیشتن، کەچی ئەو دەڕوات، هەندێکجار هەلی وا بۆ هاوڕێکانی دروست دەکات کە هاودژن لەگەڵ زانستی فیزیا،زێدەباری ئەوەی بەردەوامە لە تۆمارکردنی ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەر لە گۆڵکردن، بۆ نموونە لە ساڵی 2012 توانیویەتی 91 گۆڵ تۆماربکات، کە زۆر زەحمەتە جارێکی دیکە یاریزانێکی دیکە ئەو ژمارەیەی گۆڵ تۆماربکات. زۆر زەحمەتە یاریزانێکی دیکە بەو لێهاتووییە ببینینەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە