ڤیدیۆ؛ ئینتەرمەیامی بەبێ مێسی بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی بەبێ لیۆنێل مێسی، بەردەوامە لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکان لە خولی نایابی ئەمریکیدا.
 
لە گەڕی 27ـی خولی تۆپی پێی ئەمریکا، ئینتەرمەیامی بووە میوانی شیکاگۆ فایەر و بە ئەنجامی 4-1 لێیبردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمدا ئینتەرمەیامی لە رێگەی تۆبیاس سالکیستی یاریزانی شیکاگۆ بووە خاوەنی گۆڵی پێشکەوتن، کاتێک لە خولەکی 25 بەهەڵە لە گۆڵی تیپەکەی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی یەکەمی گێمی دووەمدا، لویس سوارێز پێشکەوتنی ئینتەرمەیامی کردە دوو هێندە.
 
هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە بە گۆڵێک رازی نەبوو، و لە خولەکی 65 گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی تیپەکەی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
 
جۆرجۆس کۆتسیاس، تروسکاییەک هیوای بۆ شیکاگۆ گەڕاندەوە کاتێک لە خولەکی 82ـدا گۆڵێکی تۆمارکرد.
 
بەڵام رۆبێرت تایلۆر بەخێرایی ئەو تروسکا هیوایەی کوژاندەوە، کاتێک لە خولەکی سێیەمی زیادکراودا گۆڵێکی دیکەی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد و بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەیان بردەوە.
 
بەهۆی ئەو سەرکەوتنە، ئینتەرمیامی بە کۆکردنەوەی 59 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی گرتووە و لە 27 یارییدا بە 8 خاڵ پێش نزیکترین رکابەری خۆی کەوتووە، کە سینسیناتییە.
 
لە کاتێکدا تیپی شیکاگۆ فایەر بە 26 خاڵ لە 27 یارییدا پلەی چواردەم و پێش کۆتایی لیستی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی گرتووە.