سێ یاریزانی کورد لە هەڵبژاردەی عێراق دوورخرانەوە و سێ یاریزان بانگهێشتکران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ دوو یاریی داهاتووی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026ـی ئەمریکا راگەیێنرا، سێ یاریزانی کورد لە لیستەکە دوورخرانەوە و سێ یاریزانیش بانگهێشتکران.
 
دوای ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەردوو یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەکانی عومان و کوێت، لە دەستپێکی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکاندا، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لیستی یاریزانەکانی بۆ ئەو دوو یارییە ئاشکرا کرد.
 
لە لیستەکەدا دوور لە چاوەڕوانییەکان، ئاکام هاشم، ئەستێرەی کوردی یانەی شورتە سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ هەڵبژاردەکە ئاستکی بەرزی پێشکێشکرد، لەگەڵ هەردوو یاریزانی کورد پاشەنگ عەبدوڵڵا، یاریزانی نوێی یانەی دهۆک و هیران ئازاد، یاریزانی یانەی جەوییە دوورخراونەتەوە و ناویان لە لیستەکەدا نییە.
 
لە بەرامبەردا سێ یاریزانی کورد بۆ ئەو دوو یارییە لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق دەبن، ئوسامە رەشید، یاریزانی نوێی یانەی هەولێر، یوسف ئەمین، یاریزانی یانەی وەحدەی سعودی و مێرخاس دۆسکی، یاریزانی یانەی سلۆڤاکۆی چیکی.
 
لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق، دوو یاریزانی یانەی زاخۆ بانگهێشتکراون، ئەوانیش عەلی کازمی گۆڵپارێز و ئەمجەد عەتوانن، کە هەردووکیان بەهۆی هەڵبژاردەی عێراقەوە بەشدارییان لە کەمپی مەشقەکانی یانەکەیاندا نەکردووە کە ئێستا لە تورکیا خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادەدەکات.
 
رۆژی 5ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردەی عێراق لە بەسرە میوانداری عومان دەکات، دوای پێنج رۆژ لەو یارییە هەڵبژاردەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر کوێت یاری دەکات.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە