مافی میوانداریکردنی پاڵاوتنەکانی ئاسیا لە بەسرە وەرگیرایەوە

رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا، بەشێوەیەکی فەرمی مافی میوانداریکردنی یارییەکانی کۆمەڵەی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ ئاستی لاوانی لە شاری بەسرە سەندەوە. 
 
بڕیاربوو رۆژی 14ـی مانگی سێپتێمبەر یارییەکان بە بەشداری هەڵبژاردەکانی عێراق، کوێت، هیندستان لەگەڵ ئوسترالیا لە شاری بەسرە بەرێوەبچن، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕ و ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی کە ئێستا لە عێراق هەیە یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا بڕیاریدا یارییەکان بباتە وڵاتێکی دیکە. 
 
فیراس بەحرلعلوم، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "نیگەرانین لەو بارودۆخەی هەیە و بەداخەوە یارییەکان ناتوانین میوانداری بکەین، ئێمە هیواداراین بارودۆخەکان ئاسایی ببنەوە و بتوانین لە داهاتوودا میوانداری یاری نێودەوڵەتی بکەین". 
 
لە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق 3 یاریزانی کورد یاریدەکەن کە بریتین لە عەبدولقادر ئەیوب، عمران زەکی، ئیسماعیل ئەحمەد. 
 
یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ لاوان سەرەتای ساڵی 2023 لە وڵاتی ئۆزبەکستان بەڕێوەدەچن.