کاماڤینگا خەونە گەورەکەی هاتەدی

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، دوای ئەوەی نەیتوانی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی بگوازێتەوە، گرێبەستی لەگەڵ ئیدواردۆ کاماڤینگای یاریزانی یانەی رێن کرد.

ریال مەدرید بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ کاماڤینگا راگەیاند و لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە پێشوازی و بەخێرهاتنی کرد.

یانەی شاهانە ئاشکرایکرد کە ماوەی گرێبەستی یاریزانە فەرەنسییەکە 6 ساڵە و تاوەکو حوزەیرانی 2027 یاری بۆی دەکات.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بڕی گرێبەستی ئەو یاریزانە 31 ملیۆن یۆرۆیە، کە لە وەتەی 2019ـەوە ئامانجی ریال مەدریدە.

ئیدواردۆ کاماڤینگای تەمەن 18 ساڵ، وەک یاریزانی ناوەڕاستی بەرگریکار یاری دەکات و پێشتر 3 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا کردووە.

ئەو یاریزانە فەرەنسییە دوای بەفەرمی بوونی گرێبەستەکەی، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و رایگەیاند "خەونی من بووە راستی، دەمەوێت مێژوویەکی نوێ لەگەڵ ریال مەدرید بنووسم".