چارەنووسی یاریزانانی ریال مەدرید دیارنییە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دەیەوێت پێش دەستپێکردنی یارییەکانی وەرزی نوێ چارەنووسی بەشێک لە یاریزانەکانی یەکلایی بکاتەوە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، یانەی ئارسیناڵ لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی دانی سیبایۆس بۆ وەرزێکی دیکە بە خواستن لە یانەکەیاندا یاریبکات، بۆ ئەم مەبەستەش یانە شاهانەکە داوای %50ـی بڕی گرێبەستی خواستنەکە دەکات کە دەکاتە چوار ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ دابینکردنی مووچەی یاریزانەکە، هەروەها دەستەوارەکە مەرجی کڕینەوەی یەکجاری لەلایەن ئارسیناڵەوە تێدا نابێت.

کارگێڕی ریال مەدرید بە سیبایۆسیان راگەیاندووە، لە وەرزی داهاتوودا لە پێکهاتەی سەرەکیدا نیت، لەبەر ئەوە هەر یانەیەکت دەوێت بە خواستن یاری بۆ بکە دوای ئەوە بگەڕێوە یانەکەمان.

لەلایەکی دیکەوە ماریانۆ دیاز رەتیکردووەتەوە پەیوەندی بە یانەی بێنفیکاوە بکات، براهیم دیازیش نزیکە لەوەی بەخواستن ببێتە یاریزانی ئەیسی میلان، هەروەها لە لە دەستەوارەکەی براهیم دیاز ئەوە هاتووە، ئەیسی میلان بۆی هەیە براهیم بەیەکجاری بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ بکڕێتەوە.

یانەی سێڤییاش داوای سێرخیۆ ریگیلۆن دەکاتەوە و ئەمجارە دەیەوێت بە گواستنەوەی یەکجاری بیباتە یانەکەی، لۆس بلانکۆسیش بۆ ئەم یاریزانە داوای بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ دەکات.

جیا لەم یاریزانانە، لۆس گالاکتیکۆس ئاندرێ لۆنینی گۆڵپارێزی لاوی یانەکەی گەڕاندووەتەوە یانەکەی و مارتن ئۆدیگاردیشی لە ریال سۆسیدادەوە گەڕاندووەتەوە و پێناچێت دەستبەرداریان ببێت.