ئۆڵیمپیاد بەردەوامە و چین پلەی یەکەم بەرنادات

رووداو دیجیتاڵ

ئۆڵیمپیادی پاریس بەردەوامە، کێبڕکێیەکە تادێت گەرمتر دەبێت و چین پلەی یەکەمی گرتووە.
 
لە درێژەی کێبڕکێیەکانی ئۆڵیمپیادی پاریسدا لە یارییە جیاجیاکاندا، چەندین وڵاتی جیاواز کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی میدالیا ئۆڵیمپییەکان، و چەند رووداوێکی سەیر و مێژویی روویاندا، کە وایانکرد ئەم ئۆڵیمپیادە تایبەتتر بێت.
 
لە یاریی تێنسی سەر زەویدا، ئەفسانەی ئیسپانی رافایێل نادال، لە کۆتا ئۆڵیمپیادی خۆیدا لە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکەدا کرایە دەرەوە، دوای ئەوەی بە یاریزانی سڕبی، نۆڤاک جۆکۆڤیچ دۆڕا.
لە تێنسی پیاوانی دوانەییشدا رافایێل نادال و ئەلکاراز دووچاری سوپرایزێکی گەورە بوون دوای ئەوەی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرامبەر رکابەرە ئەمریکییەکانیان دۆڕان و لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا کرانە دەرەوە.
 
لە یاریی نیشانەشکێنی 10 مەتریدا، یوسوف دیکیچی تورکی بووە جێی باسی میدیاکانی جیهان کاتێک بەبێ بەکارهێنانی هیچ کەرەستەیەکی یارمەتیدەر توانی میدالیایەکی زیو بۆ وڵاتەکەی بەدەستبهێنێت.
لە هەمان یارییدا، چین تاوەکو ئێستا 4 میدالیای زێڕی بەدەستهێناوە و کۆریا باشووریش توانیویەتی دوو میدالیای زێڕ بەدەستنهێنێت.
 
لیۆن مارشاند، مەلەوانی فەرەنسی، توانی 3 میدالیایەکی زێڕ بۆ وڵاتەکەی بەدەستبهێنێت، کە ئەوە زۆرترین ژمارەی میدالیای زێڕە یاریزانێک لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا بەدەستی هێنابێت.
 
وەرزشوانی ژاپۆنی شینسوکی ئۆکا، دوو میدالیای زێڕی لە جیمناستیکدا بەدەستهێناوە.
 
لاورا کۆلێتی بەریتانی، میدالیایەکی ئەسپسواری بەدەستهێناوە، پان ژان لی توانی ریکۆردێکی جیهانی لە مەلەوانیدا بشکێنێت، کە پێشتر بە ناوی خۆیەوە نووسرابوو.
 
لیم سی هیۆنگ، وەرزشڤانی کۆریای باشوور، توانی ریکۆردی جیهانی یاریی تیرکەوان بە ناوی خۆیەوە بنووسێت، دوای ئەوەی توانی 694 خاڵ  لە یاریی تیرکەوانی 70 مەتری خانماندا بەدەستبهێنێت
 
چین لە ریزبەندیی یەکەم دێت لە وڵاتانەی کە زۆرترین میدالیای ئۆڵیمپییان بردووەتەوە، بە کۆی 11 میدالیای زێڕ. هەریەک لە هەڵبژاردەکانی فەرەنسا و ژاپۆن توانیویانە هەشت میدالیای زێڕ بەدەستبێنن و ئوسترالیا لە پلەی چوارەم دێت بە حەوت میدالیای زێڕ
 
ریزبەندییەکە:
 
یەکەم: چین 11 میدالیای زێڕ
دووەم: فەرەنسا 8 میدالیای زێڕ
سێیەم: ژاپۆن 8 میدالیای زێڕ
چوارەم: ئوسترالیا 7 میدالیای زێڕ
پێنجەم: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 6 میدالیای زێڕ
شەشەم: بەریتانیا 6 میدالیای زێڕ
حەوتەم: کۆریای باشوور 6 میدالیای زێڕ
هەشتەم: ئیتاڵیا 5 میدالیای زێڕ
نۆیەم: کەنەدا دوو میدالیای زێڕ
دەیەم: ئەڵمانیا دوو میدالیای زێڕ