ئۆڵمۆ و بارسا رێککەوتن بەڵام...
رووداو دیجیتاڵ
چیرۆکی گواستنەوەی دانی ئۆڵمۆ نزیکدەبێتەوە لە کۆتایی و بارسا رەزامەندیی یاریزانەکەی وەرگرت
دانی ئۆڵمۆ، یاریزانی 26 ساڵی ئیسپانیا کە لە یۆرۆی 2024دا رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە بەدەستهێنانی ئەو نازناوە بۆ وڵاتەکەی، لە ئێستادا بووەتە جێی سەرنجی زلهێزەکانی تۆپی پێ و چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ رکابەری بارسا دەکەن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی.
بەپێی میدیاکان، ئەمڕۆ یانەی بارسا گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ دانی ئۆڵمۆ، لەسەر مووچەی یاریزانەکە و وا بڕیارە ئەو یاریزانە تاوەکو ساڵی 2030 یاریزانی یانەی بارسێلۆنا بێت
بەڵام ئەوەی ماوە ئەوەیە کە بارسا و لایپزیگ رێکبکەون لەسەر نرخی گواستنەوەکە، یانە ئەڵمانییەکە داوای 60 یۆرۆ بەبێ زیادکراوەکان دەکات، بەڵام بارسا تا ئێستا ئامادە نییە ئەو پارەیە بدات
یانەی لایپزیگ پێشتر دەستەوارەیەکی یانە کەتەلۆنییەکەی رەتکردەوە، بەڵام بارسا بەردەوامبوو لە هەوڵەکانی و ئەمڕۆ دووبارە دەستەوارەیەکی تری پێشکێشکردووە کە لە سێ بەش پێکدێت:
بەشی یەکەمی 55 ملیۆن یۆرۆ بە کاش
بەشی دووەمی 4 ملیۆن یۆرۆ بە زیادکراوی ئاسان
بەشی سێیەم لە 3 ملیۆن یۆرۆ بە زیادکراوی زەحمەت
واتە تەواوی دەستەوارەکەی بارسا ئەگەری هەیە بگات بە 62 ملیۆن، بەڵام لایپزیگ سوور بووە لەسەر ئەوەی کە 60 ملیۆن یۆرۆ بە کاش وەربگرێت جگە لە زیادکراوەکان و هێشتا وەڵامی فەرمی بارسایان نەداوەتەوە
هەروەها زلهێزەکانی پرێمەرلیگ، ئارسێناڵ، چێڵسی و مانچێستەر سیتی گرنگییان بە یاریزانەکە داوە و چاودێری دەکەن و لە رکابەریدان لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بۆ بەدەستهێنانی دانی ئۆڵمۆ
ئەمە لە کاتێکدایە کە دانی ئۆڵمۆ بە روونی رایگەیاند کە ئەو دووبارە دوای 10 ساڵ دەیەوێت بگەڕێتەوە یانەی بارسێلۆنا و گرنگی بە هیچ یانەیەکی تر نادات، وەک دەڵێت "دەمەوێت نازناو ببەمەوە"
دانی ئۆڵمۆ دەرچووی ئەکادیمیای لاماسیایە و لە یانەکانی دینامۆ زەگریبی کرواتی و لایپزیگی ئەڵمانی یاریکردووە، لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەکەی 25 یاری ئەنجامداوە کە تیایاندا، هەشت گۆڵی کردووە و پێنجی دیکەی دروستکردووە
هەروەها لە یۆرۆی 2024دا ئەو یاریزانە لە شەش یاریدا توانی سێ گۆڵ و دوو ئەسیست بکات بۆ هەڵبژاردەکەی