‎وەرزشوانێکی جەزائیری مشتومڕ دەنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
‎ئیمان خەلیف، بۆکسێنەری جەزائیری دوای تەنیا 46 چرکە لە یاریکردن، رکابەرە ئیتاڵییەکەی بردەوە
 
‎ئیمان لە رکابەرییەکانی بۆکسینگی خانماندا لە ئۆڵیمپیادی 2024ی پاریس، رووبەڕووی رکابەرێکی ئیتاڵی بووەوە بە ناوی ئەنجێلا کارینی، لە دوای 46 چرکە لە دەستپێکی یارییەکە، ئەنجێلا بڕیاری کشانەوەیدا و بەم کارە یەکێک لە دەگمەنترین رووداوەکانی مێژووی ئۆڵیمپیادی تۆمارکرد
 
 
‎ئیمان خەلیف بووەتە جێگای باسی میدیاکان و گومان لەسەر ئەوە هەیە کە ئەو وەرزشوانە لە رووی بایۆلۆژیەوە پیاو بێت، رەخنەیەکی زۆر هەیە لەسەر رێگەدان بە بەشداریکردنی لە ئۆڵیمپیاددا سەرەڕای راگرتنی لە ساڵی 2023 لەلایەن یەکێتی نێودەوڵەتی بۆکسینگەوە لەبەر بەرزیی رێژەی هۆرمۆنی تێستێستیرۆن (کە بە هۆرمۆنی پیاوەتی دەناسرێت)
 
‎میدیای ئیتاڵیا لە چەند رۆژی رابردوودا داوایان لە ئەنجێلا کارینی کردووە، لەو یارییەدا بەشدار نەبێت و ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام ئەنجێلا سووربووە لەسەر ئەوەی لە یارییەکەدا ئامادەبێت
‎ئەنجێلا دەڵێت "من دڵم شکاوە، هاتمە یاریگا بۆ ئەوەی باوکم شانازیم پێوەبکات، چەندینجار پێموتراوە کە من جەنگاوەرم بەڵام لەبەر تەندروستیم راوەستام، هەرگیز لێدانی وا بەهێزم هەستپێنەکردووە"زیاد دەکات و دەڵێت "من چوومە ناو یاریگا و ئەرکی خۆم وەک بۆکسێنەرێک ئەنجامدا و دوور لە هەموو بابەتێکی مشتومڕ هەڵگر شەڕم کرد، من ویستم ببەمەوە بەڵام لەگەڵ دووەم لێدان بۆ ناو لووتم، هەستم دەکرد کە ناتوانم هەناسە بدەم بۆیە بە راهێنەرەکەمم راگەیاند کە ئیتر بەسە، نامەوێت زیاتر بەردەوام بم"
 
‎ئیمان خەلیف دوای یارییەکە رایگەیاند "من لێرەم بۆ میدالیای زێڕین، دەجەنگم بۆی"
 
‎ئیمان خەلیف، لە گوندێکی جەزائیر گەورە بووە، باوکی رێگر بووە لە بەرامبەر ئەوەی کە کچەکەی لە یاری بۆکسینگدا بەشدار بێت یان راهێنان بکات
‎ئیمان لە ساڵی 2018 بۆ یەکەمجار لە پاڵەوانێتی جیهانی بۆسکینگی خانمان بەشداربوو و پلەی 17می بەدەستهێنا و دوای چەند جارێک لە بەشداربوون، لە ساڵی 2022دا توانی میدالیای زیو بەدەستبهێنێت.
‎دوای ئەوەی یەکێتیی نێودەوڵەتی بڕیاری راگرتنی ئەو وەرزشوانەیدا، ئیمان لە دادگای 'کاس'ی تایبەت بە دۆسیە وەرزشییەکان سکاڵای تۆمارکرد و دواتر سکاڵاکەی کشاندەوە.
 
‎لە ساڵی 2024دا ئیمان وەک باڵیۆزی یونیسێف ناسێنرا
 
‎لیژنەی ئۆڵیمپی نێودەوڵەتی رایگەیاند کە ئیمان خەلیف لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتوو بووە و هیچ کێشەیەکی پزیشکی نەبووە، هەر بۆیە رێگە بە بەشداریکردنی لە ئۆڵیمپیاددا دراوە
‎ئەمە لە کاتێکدایە کە جەزائیر یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گۆڕینی رەگەز تێیدا رێگەپێدراو نییە و سزای قورسی لەسەرە