"کارڤاخال شایستەی باڵۆن دۆرە"


رووداو دیجیتاڵ

خامیس رۆدریگێزی کۆڵۆمبی، پێیوایە دانی کارڤاخالی یاریزانی ریال مەدریدی ئیسپانی، شایستەی بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری ئەمساڵە.
 
لە دوای بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆی 2024 لەلایەن هەڵبژاردەی ئیسپانیا، داواکاریی پێدانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، بە کارڤاخال یان رۆدری زیادیکردووە، خامیس رۆدریگێز نوێترین کەسە کە هەمان داواکاریی ئاشکراکردووە.
 
خامیس کە لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا پلەی دووەمی کۆپا ئەمێریکای ئەمساڵی بەدەستهێنا، پاش دۆڕانی هەڵبژاردەکەی بە ئەرجەنتین بەگۆڵێکی بێبەرامبەر، دەڵێ، "کارڤاخال شایستەترینە بۆ باڵۆن دۆری ئەمساڵ، وەک باشترین یاریزانی جیهان، ئەو زۆر بەباشی یارییکرد.. بێلینگهام؟ پێموانییە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و شایستەیی ئەو بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، خامیس دەڵێ، ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە کۆپا ئەمێریکا، باش دەرنەکەوت.
 
خامیس پێیوایە ئەگەر لەگەڵ کۆڵۆمبیا نازناوی کۆپا ئەمێریکای بەدەستبهێنایە، یەکێک دەبوو لە بەربژێرەکانی بردنەوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ.
 
خامیس تەمەنی 33 ساڵە و هێشتا لە یارییکردن بەردەوامە. ئەو لەبارەی وادەی وازهێنانییەوە دەڵێ، "دوای مۆندیالی داهاتوو هەڵسەنگاندن دەکەم، دەمەوێت لە باشترین ئاستدا واز لە یارییکردن بهێنم".