پێکان بەرۆکی مانچستەر یونایتد بەرنادات


رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین یاریی دۆستانەی مانچێستەر یونایتددا، دوو یاریزانی دیکەی ئەو یانەیە تووشی پێکانبوون، بەوەش ژمارەی یاریزانە پێکراوەکانی یانەکە ئێستا بووە چوار.یاریزان، لە کاتێکدا تەنیا دوو هەفتە ماوە بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ.

مانچێستەر یونایتد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یارییەکی دیکەی دۆستانەی ئامادەسازیدا لە ئەمریکا، بەرامبەر یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی یارییکرد، دوو یاریزانی دیکەی یانەکە دووچاری پێکانبوون و ماوەی دوورکەوتنەوەیان دیار نییە.

لە یارییەکەدا، کە مانچێستەر یونایتد بەئەنجامی 3 - 2 گۆڵ براوەبوو، هەریەکە لە مارکۆس راشفۆرد و ئانتۆنی بەهۆی پێکانەوە، لە دوو کاتی جیاوازدا یاریگەیان بەجێهێشت.

راشفۆرد لە خولەکی 64 یارییەکەدا بەهۆی ئازارەوە یاریگەی جێهێشت. لە کاتێکدا ئانتۆنی کە لە نیوەی دووەمدا لە خولەکی 62 هاتە ناو یاریگەوە، لە دواساتەکانی یارییەکەدا گۆڕانکاری پێکرا.
 
راشفۆرد و ئانتۆنی نوێترین یاریزانانی پێکراوی مانچێستەر یونایتدن، لە کاتێکدا پێشتر هەریەکە لە لینی یۆرۆ، بەرگریکەری نوێی یانەکە و راسمۆس هۆیلاند دووچاری پێکان بووبوون.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، لینی یۆرۆ پێکانەکەی لەوە قورسترە کە چاوەڕواندەکرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە، راسموس هۆیلاندیش بۆماوەی مانگێک لە یاکەی دادەبڕێت.

تاوەکو ئێستا، مانچێستەر یونایتد سرووشتی پێکانی هەریەکە لە راشفۆرد و ئانتۆنی ئاشکرانەکردووە، ماوەی دوورکەوتنەوەشیان رانەگەیێنراوە، بەڵام ئەم پێکانانە کێشە بۆ تیپەکە دروستدەکات، لە کاتێکدا خۆی بۆ دەستپێکردنی رکابەرییەکانی وەرزی نوێ ئامادە دەکات.

مانچێستەر یونایتد، وەرزی رابردوو کێشەی زۆری لە پێکانی یاریزاناندا هەبوو، ژمارەی پێکانی یاریزانانی یانەکە بەدرێژایی وەرزەکە گەیشتە 45 پێکان.
 
مانچێستەر یونایتد، وەرزی رابردوو پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی بەدەستهێنانی جامی فا کەپی بەدەستهێنا. ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەکە، زۆرینەی کێشەکانی تیپەکەی و خراپیی ئەنجامەکانی بۆ پێکانی زۆری یاریزانان گەڕاندەوە، بەڵێنیدا لە وەرزی نوێدا، تیپەکە لە رووی جەستەییەوە بەهێزتر بکات.

یانەی مانچێستەریونایتد، لە درێژەی یارییە دۆستانەکانیدا، لە بەرەبەیانی 4یـی ئەم مانگە بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول یاریی دەکات، پاشان رۆژی دەی مانگ، لە جامی قەڵخانی خێرخوازیدا رووبەڕووی یانەی مانچێستەرسێتی دەبێتەوە.