کوڕەکەی ئانچیلۆتی، شوێنگرەوەی تۆنی کرووسی دۆزییەوە

رووداو دیجیتاڵ

داڤیدی ئانچێلۆتی، یاریدەدەری راهێنەری یانەی ریال مەدرید، ناوێکی لە پێکهاتەی یانەکەدا بۆ شوێنگرەوەی تۆنی کرووسی وازهێناو لە یاریکردن پێشنیاز کردووە.

لە کۆتایی وەرزی رابردوودا، تۆنی کرووسی ئەستێری ناوەڕاستی ریال مەدرید بەیەکجاری وازهێنانی خۆی لە یاریکردن راگەیاند. وازهێنانی ئەو یاریزانە بۆشایی گەورە لە ناوەڕاستی تیپەکەدا دروستدەکات و ئانچیلۆتی و یاریدەدەرەکانی بەشوێن دەستنیشانکردنی یاریزانێکەوەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کرووس.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، داڤیدی ئەنچیلۆتی،  پێیوایە، باشترین شوێنگرەوە بۆ شوێنی کرووس، دانی سێبایۆسی یاریزانی یانەکەیە.
 
دانی سیبایۆس لە 2017ەوە یاریی بۆ ریال مەدرید دەکات، بەڵام هیچ وەرزێک یاریزانێکی سەرەکیی پێکهاتەی تیپەکە نەبووە و بەردەوام لەسەر کورسیی یەدەگ بووە، هەر بۆیە نەیتوانیوە جێپەنجەی خۆی لە پێکهاتەی تیپەکەدا بکاتەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، مشتومڕی دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەک بۆ کرووس لە ریال مەدرید، لە نێو یاریزانی ئێستای یانەکە بەردەوامە، داڤیدی ئانچێلۆتی بڕوای وایە ئەو یاریزانە، لێبڕاوانە مەشقدەکات و زۆر رژدە و هەمیشە وا نیشاندەدات کە ئامادەیە هەمووشتێک بکات تا ببێتە یاریزانێکی سەرەکی لە ریال مەدرید.
 
پێشتر داڤیدی، لەبارەی سیبایۆسەوە گوتبووی، "سیبایۆس یاریزانێکی زۆر باشە و ئەو هێز و تینەی لەودا هەیە یارمەتی زۆری تیپەکەمان دەدات".
 
ریال مەدرید لە ئەمریکا ئامادەسازییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێکردووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یەکەم یاریی دۆستانەیدا بەرامبەر میلانی ئیتاڵی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا.