سبەی یاریی بارسێلۆنا و میلانە

رووداو دیجیتاڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یانەی بارسێلۆنا بۆ ئەنجامدانی یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر یانەی میلانی ئیتاڵی گەیشتە لاس ڤێگاس، کە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە هەردوو یانە دوایین یاریی دۆستانەیان لە ئەمریکا ئەنجامدەدەن و دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
 
کاژێر 06:00ـی بەیانی، لە لاس ڤێگاس، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و میلان لە یاریگەی ئالیجێنت لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن.
 
گەشتی یانە کەتەلۆنییەکە بۆ لاس ڤێگاس، بەهۆی کەش و هەواوە دوێنێ چوار کاژێر دواکەوت، بەڵام دواجار یانەکە بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە دۆستانەیە گەیشت.
 
بارسێلۆنا دوای بردنەوەی یاریی کلاسیکۆ لە ریال مەدرید بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە لاس ڤێگاس و دەیەوێت بەر لە بەجێهێشتنی ئەمریکا، بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، لە بەرامبەردا یانەی میلان لە یارییە دۆستانەکاندا دوو یاریی بەرامبەر هەردوو یانەی یوڤێنتوس و ریال مەدرید دۆڕاندووە و چاوی لەوەیە بەر لە گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا یارییەک بباتەوە.
 
دوای ئەم یارییە بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە ئیسپانیا و رۆژی 8ـی ئەم مانگە لە یاریی جامی خوان گامبەر بەرامبەر یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی یارییدەکات. ئەیسی میلان ئەمە دوایین یاریی دۆستانەیەتی و دوای ئەم یارییە هیچ یارییەکی دیکەی نابێت، تاوەکو رۆژی 21ـی مانگ کە لە گەڕی یەکەمی سێریا ئەیدا بەرامبەر بۆلۆنیا یارییدەکات.
 
عوسمان دێمبێلی، یاریزانی فەرەنسی لەگەڵ بارسا چووەتە لاس ڤێگاس، بەڵام زەحمەتە بەشداری لە یارییەکەدا بکات و ئەگەری هەیە یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید دوایین یاریی یاریزانەکە بووبێت بە درێسی یانەی بارسێلۆناوە، هۆکاری یاریی نەکردنیشی ئەوەیە کە بارسێلۆنا ترسی لەوە هەیە تووشی پێکانببێت، دوای ئەوە نەتوانێت یاریزانەکە بفرۆشێت، ئەگەر لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان گەیشتە رێککەوتن.