ڤیدیۆ؛ فیفا دەیەوێ تۆپی پێ بگەینێتە هەموو دوورگەکانی جیهان

رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، سەردانی شانشینی بچووکی تۆنگای کرد، کە دەکەوێتە نزیک نیوزلەندا و ئوسترالیا، کە ئەو دوو وڵاتە بە هاوبەشی میوانداری مۆندیالی 2023ـی خانمان دەکەن.
 
سەردانەکەی ئینفانتینۆ، کە لەلایەن لۆرد ڤیهالای سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی تۆنگاوە پێشوازی لێکرا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فیفادایە بۆ بنیاتنانی ژێرخانی تۆپی پێ لە دوورگەی سەرەکی تۆنگا و دوورگەکانی دیکەی سەر بەو شانشینە.
 
هەروەها لە سەردانەکەیدا ئینفانتینۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تۆنگا، هواکافلامیلیکۆ، لە بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی تۆنگا کۆبووەوە، کە بارەگای ئەو یەکێتییە یەکێکە لەو باڵەخانە پتەوانەی دوورگەکە، کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی دوورگەکە لە کاتی روودانی زریانی تسونامی لە مانگی یەکی ساڵی 2022 پەنایان بردە بەری.
 
ئینفانتینۆ لە وتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە فیفا لەگەڵ هەر یەکێک لەو 211 وڵاتەی کە ئەندامینە، هەمان ئەو مامەڵە دەکات کە لەگەڵ وڵاتێکی گەورەی وەک بەرازیل، ئینگلتەرا، ئەمریکا و چین دەیکات و هەرگیز وڵاتێکی بچووکی وەک تۆنگا پشتگوێ ناخەن، لەبەرئەوەی وڵاتێکی بچووکە.
 
فیفا بەشداری دەکات لە دروستکردنی یاریگای تۆنگا، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو تەواو ببێت. یاریگاکە لەسەر زەوییەکی تۆکمە دروستکراوە و توانای بەرگەگرتنی ئەو زریانە فراوانانەی هەیە کە هەمیشە ئەو ناوچە زەریاییە دەگرنەوە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی تۆنگا بەهاوبەشی لەگەڵ فیفا پلانی پڕۆژەی دیکەی داناوە، کە ئامانجیان بەرفراوانکردنی بازنەی تۆپی پێیە لەو وڵاتەدا، بۆ ئەوەی دەرەوەی نوکوئالۆفای پایتەخت و دوورگە بچووک و دوورەکانی دیکەش بگرێتەوە.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا. لە وتارێکدا، گوتی "ئێمە لێرەین، چونکە مۆندیالی خانمانمان هەیە لە ناوچەکەدا، لە نیوزلەندا و ئوسترالیا. جامی جیهانی ئۆقیانووسە. گرنگە کە هەموو ئۆقیانووس و تۆنگا و زەریای هێمن بەشێک بن لەم بۆنەیەی مۆندیال، چونکە یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی تۆپی پێ ئەوەیە کە بۆ پیاوان و بۆ خانمان، بۆ کچان و بۆ کوڕان بێت بە یەکسانی".
 
ئەو زیاتر گوتی "لە فیفادا وڵاتی گەورە و بچووک نییە. 211 وڵات ئەندامن لە فیفا، تۆنگاش هێندەی بەرازیل یان ئینگلتەرا یان ئەمریکا یان چین یان هەر وڵاتێکی دیکە بۆ فیفا گەورەیە. هەروەها حەزدەکەم، بەو پێیەی ئێمە لە تۆنگاین، ستایشی ئەو کارە گەورەیە بکەم کە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی تۆنگاوە بە یارمەتی حکومەتەوە ئەنجام دەدرێت".
 
ئینفانتینۆ گوتیشی "نەک تەنیا دوورگەی سەرەکی، بەڵکو دوورگەکانی دیکەش،  ساڵی داهاتوو یاریگای نوێ دەکرێنەوە، هەموویان بەشێکن لەم چیرۆکە کە ئێمە پێکەوە دەینووسین و رەنگە ببێتە چیرۆکێکی ئەفسانەیی".