پاریس سانجێرمان سکاڵا لەدژی ریال مەدرید تۆمار دەکات

01-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید پاریس سانجێرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بیر لەوە دەکاتەوە سکاڵا لە دژی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تۆماربکات.
 
رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی دەڵێت "پاریس سانجێرمان بیر لەوە دەکاتەوە بەفەرمی لەلایەن فیفاوە سکاڵا لە دژی یانەی ریال مەدرید تۆماربکات، بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتانەی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەکەیان دەکات."
 
رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پاریس سانجێرمان زۆر دڵنیایە لەوەی کە ئێمباپێ و ریال مەدرید لە ژێرەوە رێککەوتنیان کردووە، بۆ ئەوەی هاوینی ساڵی داهاتوو یاریزانەکە بێبەرامبەر بچێتە ریال مەدرید، بۆ ئەوەش دەیەوێت لە پاریس بمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو پاداشتانە وەربگرێت کە لە یانەکە بڕیاری لەسەر دراوە بدرێنە یاریزانەکە کە بەشێوەیەکی گشتی دەگاتە 160 ملیۆن یۆرۆ.
 
پاریس سانجێرمان هەنگاوەکەی ریال مەدرید بە دەرچوون لە یاساکانی فیفا دەبینێت، لەکاتێکدا پێی وایە ریال مەدرید پەیوەندیی بە یاریزانەکەوە کردووە بەبێ ئەوەی یانەکە ئاگاداربکاتەوە.
 
یانە فەرەنسییەکە پێی وایە هەر ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ریال مەدرید کردوویەتی هۆکاری ئەوەیە ئێمباپێ، 700 ملیۆن یۆرۆی وەک مووچە لە یانەی هیلالی سعودی رەتکردەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ بە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، یاریزانەکە لە کەمپی مەشقەکانی پاریس سانجێرمان بۆ ژاپۆن دوورخرایەوە و ئێستا لە پاریسە، دوو بژاردە لەبەردەم یاریزانەکە هەن، یان ئەوەتا گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، یانیش لەم هاوینەدا بڕوات، بەڵام کیلیان دەیەوێت تاوەکو هاوینی داهاتوو و کۆتایی گرێبەستەکەی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی پاداشتەکانی وەربگرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە