پاڵەوانێتی باسکەی خانمانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پاڵەوانێتی باسکەی یانەکانی عێراق، لەسەر ئاستی خانمان لە عەنکاوە بەڕێوەدەچێت و ماوەی 5 رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
6 یانە لە رکابەرییەکەدا بەشدارن، یەکێتیی باسکەی عێراق سەرپەرشتی پاڵەوانێتییەکە دەکات و یارییەکانی لە هۆڵی یانە ئەکاد عەنکاوە بەڕێوەدەچن.
 
رۆژانە لە سێ کاتی جیاوازدا سێ یاری دەکرێن، یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکە لە نێوان یانەکانی گازی باکوور و سەنحاریب دەبێت لە کاژێر 15:00، کاژێر 17:00 یاریی نێوان سابیس و ئەفرودەیت دەکرێت و کاژێر 19:00 ئەکاد عەنکاوە و دەربەندیخان رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئەکاد عەنکاوە لە رووی کارگێڕییەوە ئامادەکارییەکی زۆری کردووە و بەتەواوی بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە ئامادەیە و هۆڵەکەش ساردکەرەوە و هەموو پێداویستییەکانی بۆ تیپە بەشدارەکان دابینکردووە.
 
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەشێوەی خول بەڕێوەدەچن، هەموو یانەکان بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن، براوەکەیان ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بەشداری لە پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبیدا بکات.
یانەی وەرزشیی سابیس، یەکێک لە تیپە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە، نەوشیروان رۆستەم، جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشیی یانەی سابیس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە دوای دروستکردنی یانەی وەرزشی یانەی سابیس، راستەوخۆ دەستمان بە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان کرد لەسەر ئاستی یارییە جیاوازەکاندا و بەشداریکردنمان لە پاڵەوانێتی باسکەی یانەکانی عێراق، لەسەر ئاستی خانمان سێیەم بەشداریکردنمان دەبێت لە پاڵەوانێتییەکاندا."
 
نەوشیروان رۆستەم، بەشداریکردنی ئەمجارەمان لە پاڵەوانێتییەکاندا جیاواز دەبێت و دەمانەوێت تیپێکی بەهێزبین لە پاڵەوانێتییەکەدا و بۆ ئەوەش پشت بە تواناکانی، یاریزانی تونسی هودا حەرموونی، دەبەستێت کە ئەزموونێکی زۆری لە یارییەکەدا هەیە و یاریزانی هەڵبژاردەی تونسە و یەکێکە لە باشترین یاریزانەکان لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەب.