ڤیدیۆ؛ بۆکا جۆنیۆرز ژمارەی مارادۆنای بە کاڤانی دا

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بۆکا جۆنیۆرزی ئەرجەنتینی، لە رێوڕەسمێکی جوان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی یانەکە، ئیدینسۆن کاڤانیی ئەستێرەی نوێی بەفەرمی ناساند و ژمارەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای پێدا.
 
هێرشبەرە بەنێوبانگەکەی ئۆرۆگوای، لەلایەن هاندەرانی تیپە نوێیەکەی پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، کاتێک لە یاریگای لا بۆمبۆنێرا لە بوێنس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین پێشکێشی ئەوان کرا.
 
هێرشبەرە تەمەن 36 ساڵەکە گرێبەستێکی بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لەگەڵ یانە ئەرجەنتینییەکە واژۆکرد، کە هەواڵی پەیوەندیکردنی بە تیپەکەوە بووە جێگەی دڵخۆشیی هاندەرانی ئەو یانە بەنێوبانگەی ئەرجەنتین، کە زیاتر لە 20 هەزار هاندەر بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی ناساندنی کاڤانی ئامادەی یاریگەی لا بۆمبۆنێرا و بە بەردەوامی دروشمیان بە ناوی ئەو دەگووتەوە.
 
یانەکە درێسی ژمارە 10ـی پێشکێشی کاڤانی کرد، کە ژمارەی دیێگۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتینییە و پێشتر بەو درێسەوە بۆ بۆکاجۆنیۆرز یاری کردووە. 
 
ئیدینسۆن کاڤانی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا درێسی ژمارە 10ـی خۆی نمایشکرد، کە بەو درێسەوە یاری دەکات.
 
هێشتا دیار نییە ئیدینسۆن کاڤانی دەتوانێت لە یارییەکەی رۆژی چوارشەممە بەرامبەر یانەی ناسیۆناڵی ئۆرۆگوای لە جامی لیبێرتادۆرێسدا بەشداری دەکات یان نا، چونکە هێشتا لەگەڵ خۆرخی ئەلمیرۆنی راهێنەری نوێی یانەکە کۆنەبووەتەوە، کە بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت.