کیلیان ئێمباپێ دەستەوارەیەکی نوێی پاریس سانجێرمانی رەتکردەوە

01-08-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پاریس سانجێرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

میدیاکانی فەرەنسا، ئاشکرایانکرد کە کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی دەستەوارەیەکی نوێی یانەی پاریس سانجێرمانی رەتکردووەتەوە و سوورە لەسەر وەرگرتنی هەموو پاداشتەکانی لە یانەکە، بەپێی ئەوەی لە گرێبەستەکەیدا هاتووە.
 
لە نوێترین پێشهاتدا، سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان، میدیاکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن کە یاریزانەکە دەستەوارەیەکی نوێی پاریس سانجێرمانی رەتکردووەتەوە و نایەوێ هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی خۆیدا بکات، کە سوورە لەسەر وەرگرتنی بڕی ئەو پاداشتانەی لە گرێبەستەکەیدا هاتوون و بریتییە لە 80 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئەمڕۆ بەفەرمی، کارکردن بەبەندی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ کۆتاییهات و دەبێت پاریس سانجێرمان 40 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشت بداتە یاریزانەکە، کە بڕیارە ئەمڕۆ ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت و دوای مانگێک 40 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەردەگرێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بەرپرسانی یانەی پاریسی لە هەوڵێکی نوێدا، داوایان لە ئێمباپێ کردووە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە بەمەرجی ئەوەی هاوینی داهاتوو رێگەی پێبدەن بڕوات، بەڵام کیلیان ئەو داوایەیانی رەتکردووەتەوە و سوورە لەسەر هەمان هەڵوێستی خۆی، و ئامادەیە ئەمساڵیش لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان بەردەوام بێت.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە ئێمباپێ رازی نییە یەک یۆرۆ لە پاریس سانجێرمان خۆش ببێت و دەڵێت "پێویستە 80 ملیۆن یۆرۆم پێبدرێت".
 
کیلیان ئیمباپێ، کە ساڵی رابردوو گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێکردەوە، بڕگەیەکی خستە نێو گرێبەستەکەی، کە لە هاوینی 2023 سەرپشک دەبێت لەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو 2025 نوێبکاتەوە یان نوێ نەکاتەوە و لە هاوینی 2024 بەبێ بەرامبەر بجێتە هەر یانەیەک کە خۆی دەیەوێت.
 
بەرپرسانی پاریس سانجێرمان داوا لە کیلیان دەکەن یان گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە یان ئەم هاوینە لە یانەکە بڕوات بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو بەبێ بەرامبەر لە یانەکەیان نەڕوات، بەڵام ئێمباپێ سوورە لەسەر کارانەکردنەوەی ئەو بڕگەیە و ئامادەشە ئەم وەرزە لە یانەکە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی تەواوی پاداشتەکەی وەربگرێت.
 
پاساوی کیلیان ئێمباپێ بۆ رۆیشتن لە پاریس سانجێرمان ئەوەیە، کە یانەکەی ناتوانێت خەون و خواستەکانی بێنێتەدی، بەتایبەتی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ و بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر.
 
پاریس سانجێرمان لە دوایین 11 وەرزی خولی فەرەنسادا 9 نازناوی بەدەستهێناوە، بەڵام سەرکەوتنە ناوخۆییەکەی بەراورد ناکرێن بە ئەنجامەکانی لە چامپیۆنزلیگ، کە سەرەڕای ئەو هەموو وەبەرهێنانە گەورەیەی لە پێکهاتەکەیدا کراوە، هەرگیز نازناوەکەی بەدەستنەهێناوە. 
 
لەبەرئەوە کیلیان ئێمباپێ بڕیاریداوە لەو یانەیە بچێت و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کە 14 جار پاڵەوانی ئەوروپایە، دەیەوێت بیباتە ریزەکانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە