ڤیدیۆ؛ سوارێز گەیشتەوە ئۆرۆگوای و هاوشێوەی سەرۆکی وڵاتان پێشوازیی لێکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لویس سوارێز، دوای چاوەڕوانییەکی زۆری هاندەرانی یانەی ناسیۆنالی ئۆرۆگوایی، بەفرۆکەیەکی تایبەت گەیشتە فرۆکەخانەی گران پارک سێنترال، بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە لەگەڵ منداڵەکانی دابەزی.
 
ئەوەی سەرنجڕاکێشیشە ئەو فڕۆکەیەی سوارێزی گەیاندە مۆنتێڤیدیۆ، فرۆکەی هاوڕێی نزیکی ئەوە کە لیۆنێل مێسییە.
 
دوای گەیشتنی لویزیتۆ بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کە ناوی خۆی لەسەر نووسرابوو و لەنێو ئاپۆڕا هەزاران هاندەری یانە ئۆرۆگواییەکە بە شەقامەکانی پایتەختی وڵاتەکەیدا تێپەڕی و پێشوازییەکی گەورە و هاوشێوەی سەرۆکی وڵاتانی لێکرا و میدیای ئۆرۆگواییش بە گرنگییەوە دیمەنەکانی ساتی گەڕانەوەی ئەو ئەستێرەیەی تۆپی پێی وڵاتەکەیانی گواستەوە.
 
سوارێز لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی گەیشتە یاریگە، راستەوخۆ چووە نێو یاریگە و سڵاوی لە هاندەرانی ئەو یانەیە کرد کە بووە سەرەتای دەرکەوتنی لەگەڵ ئەوان بووە و درێسی ژمارە 9ـی یانەکەی بەرزکردەوە.
 
دوای ئەوەش ئێل پیستۆلێرۆ بەنێو یاریگەدا گەڕا، لەنزیکەوە سڵاوی لە هاندەرانی یانەی ناسیۆنال کرد و پێیگوتن چالنچێکی نوێ دەستپێدەکات، خەونێکی نوێیە و هیوادارم بتوانین بەیەکەوە نازناو ببەینەوە."
 
گەڕانەوەی هێرشبەرە 35 ساڵە ئۆرۆگواییەکە، دوای ئەوە دێت کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆتاییهات و دوای نزیکەی 17 ساڵ یارییکردن لە ئەوروپا بڕیاریدا بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، لەکاتێکدا سێ مانگی دیکە مۆندیال دەستپێدەکات و دەیەوێت بەباشترین شێوە بۆ رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە ئامادەبێت.
 
یەکەم یاریی فەرمی سوارێز لە تەمەنی 18 ساڵیدا لەگەڵ یانەی ناسیۆنال بووە لە ئایاری 2005، دوو نازناوی لەگەڵ یانەکە بردەوە، پاشان چووە گرۆنینخن و ئایاکس، لەوێشەوە بۆ لیڤەرپوول، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید و دواجاریش گەڕانەوە بۆ ماڵە کۆنەکەی.