محەممەد بن سەلمان کار بۆ کڕینی یانەیەکی دیکەی ئەوروپا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دوای کشانەوەی لە کڕینەوەی یانەی نیوکاسل یونایتدی ئینگلیزی، سندووقی وەبەرهێنانی سعودی بیر لە کڕینی یانەی میلانی ئیتالی دەکاتەوە.

میدیای سعودییە و ئیتالیا بڵاویانکردووەتەوە، ئەگەری هەیە یانەی میلان لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە بکڕدرێتەوە، دوای ئەوەی خۆیان لە کڕینی یانەی نیوکاسل کشاندەوە و ئەو پرۆسەیە شکستیهێنا.

بەپێی راپۆرتەکان سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە بە سەرکردایەتی محەممەد بن سەلمان، شانشینی ئەو وڵاتە دەیەوێت بە کڕینەوەی یانە ئیتالییەکە، میلان بگەڕێنێتەوە نێو رکابەرییەکانی بردنەوەی نازناوە ناوخۆی و ئەوروپییەکان کە ماوەیەکی زۆرە لە بردنەوەی نازناوەکان دوورە، ئەوەشی هاوکاریان دەکات ئەو مێژووە گەورەیەیە کە رۆسۆنێری هەیەتی.

ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەومەبەر بڵاوکرایەوە کە بێرنارد ئارنو، ملیاردێری بەنێوبانگی فەرەنسیش بیر لە کڕینەوەی یانەی میلان دەکات و دەیەوێت ئێمباپێ و گواردیۆلاش بباتە یانەکەی.

لەلایەن خۆیەوە سندووقی ئالیۆت کە خاوەنداریەتی میلان دەکات رەتیدەکاتەوە، هیچ پەیوەندییەکیان لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی سعودیەوە پێوە کرابێت.

محەممەد بن سەلمان، نزیکبوو لە کڕینەوەی یانەی نیوکاسلی ئینگلیزی بەرامبەر 300 ملیۆن پاوەند، بەڵام بەهۆی دژایەتی زۆری یانەکانی ئینگلتەرا بۆ کڕینەوەی یانەکە لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، ئەو پرۆسەیە شکستیهێنا.