سبەی هەڵبژاردەی ئوردن و 3 هه‌ڵبژارده‌ی کەنداو دەگەنە هەولێر

رووداو ـ محەممەد کارێزی 


بڕیارە سبەی هەینی شاندی ٤ هەڵبژاردەی بەشدار له‌ پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا بگەنە هەولێر، بۆ بەشدارییکردن لە یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمی پاڵەوانێتییه‌كه‌، کە یارییەکانی لە ناو یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری بەڕێوەدەچن.

رێبین رەمزی، بەرپرسی راگەیاندنی پاڵەوانێتیەکە لە لێدوانێکیدا بۆ (رووداو) ئاشکرایکرد، رۆژیی هەینی کاژێر 2:55 خولەکی بەرەبەیان شاندی هەڵبژاردەی ئوردن دەگاتە شاری هەولێر، دواتر کاژێر 11:15 خولەک شاندی هەڵبژاردەی بەحرەین و کاژێر 11:45 شاندی هەڵبژاردەی کوێت دەگەنە هەولێر، هەروەها هەمان رۆژ کاژێر 16:00 شاندی هەڵبژاردەی سعودییە دەگاته‌ هەولێر.

رەمزی گوتیشی "ئامادەکارییەکی تەواو کراوە بۆ پێشوازییكردن لە هەڵبژاردەکان و تەواوی ئامادەباشی کراوە بۆیان، هەموو هەڵبژاردەکان لە بەشی ڤی ئای پی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر پێشوازییان لێدەکرێت.

بڕیارە یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمی پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا رۆژیی یەکشەممەی داهاتوو لە شاری هەولێر بەیاریی هەڵبژاردەی ئوردن و بەحرەین دەستپێبکات.