کاتی یەکلاکردنەوەیە و رۆناڵدۆ دەیەوێت یەکەم گۆڵ بکات

01-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت یەکەم گۆڵی خۆی لە یۆرۆدا تۆماربکات و سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بکات بۆ گەیشتن بە رکابەرییەکانی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئەمشەو لە قۆناخی شازدەی یۆرۆدا، هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر سلۆڤینیا یاری دەکات.
 
پۆرتوگال بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت بە پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتوو، دۆڕانیان لە یاریی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر جۆرجیا لەبیر هاندەرانی هەڵبژاردەکەی بباتەوە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاوەکو ئێستا لە یۆرۆدا هیچ گۆڵێکی نەکردووە، یەکەمجارە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکی گەورەدا یاریزانەکە گۆڵ نەکات، ئەمشەو دەیەوێت ئەو گرێیە بکاتەوە و تپیەکە بگەیێنێتە قۆناخی داهاتوو.
 
پێشتر هەردوو تیپ تەنیا یەک یاریی دۆستانەیان لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئەنجامداوە، سلۆڤینیا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەمە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی فەرمی هەردوو هەڵبژاردەیە.
 
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەر لە یارییەکە دەڵێت "ئەمە چیدی یاری دۆستانە نییە. ئەمە ساتێکی مێژووییە بۆ سلۆڤینیا لە تۆپی پێدا. یەکەمجارە دەگەنە قۆناخی 16. ئەوەی راهێنەرەکەیان دەیکات جێگەی ستایشکردنە. چونکە تیپەکەیان وەکو یانەیەک یاری دەکات. لەرووی بەرگرییەوە زۆر بەهێزن. هاوکاری یەکدی دەکەن و دەزانن چۆن جوڵە بە تۆپ بکەن. زۆر مەترسیدارن. زۆر لەناکاو هێرش دەبەن".
 
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی سلۆڤینیا دەیەوێت درێژە بە هەژەندەکانی بدات و هەنگاوێکی دیکە لە گەورەترین پاڵەوانێتی کیشوەریدا بچێتە پێشەوە.
 
سلۆڤینیا یەکەمجارە لە مێژوویدا دەگاتە قۆناخی شازدەی رکابەرییەکانی یۆرۆ، ئەوان پێشتر تەنیا یەکجار لە 2000 بەشدارییان کردبوو، بەڵام هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاواییانکرد.
 
ئەمجارە سلۆڤینیا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە ئاستێکی باشەوە دەرکەوت، هەڵبژاردەکە وەکو سێیەمی کۆمەڵەی سێیەم گەیشتە ئەم قۆناخە.
 
یاریی بەرامبەر پۆرتوگال یەکەم یاریی سلۆڤینیایە لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوەی پاڵەوانێتییەکی فەرمیدا لە دوای 32 ساڵ، لە بوون بە وڵاتێکی سەربەخۆ.
 
ماتجاز کێک، راهێنەری هەڵبژاردەی سلۆڤینیا لەبارەی یارییەکەوە گوتی "یارییەکەی ئەمجارە تەواو جیاوازە.کە دەستدەکەی بە شیکردنەوەی تیپی رکابەری وەکو پۆرتوگال، یاریزانەکانیان ئاستی بەرزیان ئەیە. تیپەکەیان کواڵیتی بەرزی هەیە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە