ئینتەرمیلان گرێبەستی تورامی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

دیارترین گرێبەستی راگەیێنراوی ئەمڕۆی مێرکاتۆ، گرێبەستکردنی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بوو لەگەڵ مارکوس تورام، هێرشبەری فەرەنسی.
 
تورام تەمەنی 25 ساڵە، لە یانەی بۆرووسیا میونشنگلادباخ یارییدەکرد، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتایی هات و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ راگەیاند.
 
ئەو یاریزانە پشکنینی پزیشکیی ئەنجامداوە و بووە یاریزانی ئینتەرمیلان، بەڵام یانەکە ماوەی گرێبەستەکە و مووچەکەی رانەگەیاندووە. بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن گرێبەستەکە تاوەکو 2028ە و مووچەکەشی 6 ملیۆن و نیوە.
 
پێشتر یانەکانی میلان و پاریس سانجێرمانیش ئەو یاریزانەیان دەویست، بەڵام ئەو ئینتەرمیلانی هەڵبژارد.
 
مارکوس کە کوڕی لیلیان تورامی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەکانی یوڤێنتوسی ئیتاڵی و بارسێلۆنای ئیسپانییە، ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکەی کۆتاییهاتبوو، بۆیە بەبێ بەرامبەر چووەتە ریزەکانی یانە ئیتاڵییەکە.