ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ و جۆرجینا دراوسێکانیان تووڕە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

 

دیارە ئەو پلانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دایناوە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و دروستکردنی کۆشکێکی گەورە شاهانە لەلایەن ئەستێرە پۆرتوگالییەکەوە کارەکانی دوادەکەون.
 
رۆناڵدۆ دوای رۆیشتنی لە مانچێستەر یونایتد پلانی بۆ دروستکردنی کۆشکێکی گەورەی هاوشێوەی نەخۆشخانە گەورەکان دانا، بۆ ئەوەی لە شاری لیسبۆنی پۆرتوگال کار بۆ دروستکردنی بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دوای وازهێنانی لە یارییکردن لەگەڵ ماڵباتەکەیدا تێیدا بژیت، بەڵام دیارە کارەکانی بەو شێوەیە نین کە دۆن دەیەوێت.
 
بەپێی هەواڵێکی گۆڤاری لوکی ئەمریکی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگێزی خۆشەویستی، بوونەتە هۆکاری تووڕەکردنی ئەو خەڵکەی لە نزیک ئەو شوێنە دەژین کە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەیەوێت بیکاتە ماڵێکی شاهانە و تێیدا بژیت.
 
ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە کارکردن لەو پڕۆژەیەدا دەستیپێکردووە، سەرەتا پێشبینی دەکرا کارەکە بە 10 ملیۆن پاوەند تەواوبکرێت، بەڵام تێچووەکەی بۆ 17 ملیۆن پاوەند بەرزبووەوە و ئێستاش چاوەڕواندەکرێت بگاتە 28 ملیۆن پاوەند، بەپێی گۆڤارەکە کارکردن لە پڕۆژەکەدا بەلای کەمەوە 12 مانگی دیکەش بەردەوامدەبێت.
 
خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە رۆناڵدۆ ماڵە نوێیەکەی تێیدا دروستدەکات، بێڕێزی بەرامبەر رۆناڵدۆ دەکات و پێیان خۆش نییە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە نزیک ئەوانە بژیت، هەندێک لەو کەسانەی کە لە داهاتوودا دەکرێت ببنە دراوسێی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەڵێن " سێ ساڵە کارێکی گەورەی بیناسازی دەکرێت، ماڵەکە هێندە گەورەیە وا دەزانیت نەخۆشخانەیە."
 
کەسێک بۆ گۆڤارەکە قسەیکردووە و دەڵێت "بەهۆی کارەکانی رۆناڵدۆوە چەند مانگێکە شەقامەکەمان داخراوە، باخچەکەم پڕە لە تۆز، هەمووی بەهۆی رۆناڵدۆوەیە."
 
جگە لە ناڕەزایەتیی هەندێک لە دراوسێ نوێیەکانی رۆناڵدۆ، یانەیەکی گۆڵف لەو شوێنەبوو کە رۆناڵدۆ خانووی لەسەر دروستدەکات، پێشتر رۆناڵدۆ داوای کڕینەوەی یانەکەی کردبوو بۆ ئەوەی ئارامییەکی زیاتر لە ناوچەکەی هەبێت، بەڵام داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە، بەمەش یانەکە دەگوازرێتەوە و خەرجییەکی زیاتریش دەکەوێتە سەر رۆناڵدۆ.
 
رۆناڵدۆ لە کۆشکە نوێ و گرانبەهاکەیدا مەلەوانگەیەکی سەرنجڕاکێش و گەورەی دەبێت، لەگەڵ چەندین باخچەی جیاواز و ماڵێک بەهەموو پێداویستییەکانەوە، ئەمەش دەبێتە یەکێکی دیکە لەو ماڵە جوانانەی رۆناڵدۆ کە لە وڵاتە جیاوازەکاندا هەیەتی، بەتایبەت لە تۆرینی ئیتاڵیا ڤێلایەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، لە نزیک مەدرید کۆشکێکی هەیە کە بەهاکەی 4.8 ملیۆن پاوەندە و لە شاری فۆنشاڵی دوورگەی مادێرای پۆرتوگالیش تاوەرێکی تایبەتی هەیە کە 7 نهۆمە.