ڤیدیۆ؛ دەرگای مێرکاتۆ کرایەوە و چاوەڕوانی بڕایەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە هاوینی بەخۆداچوونەوە و خۆرێکخستنەوە و گرێبەستەکاندا، یانەکانی ئەوروپا بەر لە هەر شت پەنا بۆ بەڕێکردنی ئەو یاریزانانە دەبەن کە پێیانوایە لە وەرزی رابردوودا وەک پێویست و بەپێی ویستی ئەوان خزمەتیان نەکردوون.. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بۆچوونی راهێنەرانی ئەو یانانەشدا کە پاش هەڵسەنگاندنی وەرزەکە، دڵنیان لەوەی ئەو یاریزانانە وەک پێویست خزمەتیان بە پلان و تاکتیکی ئەوان نەکردووە.
 
بۆ هەموو ماوەیەکی گواستنەوەی هاوینە، بەڕێکردن و دوورخستنەوەی ئەو یاریزانانەی راهێنەران متمانەیان بەتواناکانیان نییە، هەنگاوی یەکەمە لەپێناو ئامادەکردنی تیپ بۆ وەرزی داهاتوو، بەڵام ئەمساڵ، وەکئەوەی یانەکانی ئەوروپا، زۆریان بەدەست یاریزانی نەگونجاو لەگەڵ بیرکردنەوەی راهێنەرەکانەوە چەشتبێت، نزیکەی هەموو یانەکان، هەڵمەتی پاکسازی و دوورخستنەوەی یاریزانە نەگونجاوەکان دەستپێکردووە.
 
هەنگاونەری یەکەم لە هاوینەکەدا ریال مەدریدی ئیسپانی بوو کە بە بەڕێکردنی هەریەکە لە مارکۆ ئاسێنسیۆ، ماریانۆ دیاز، ئیدین هازارد و پاشان کەریم بنزیما، بەهەمووانی گوت دەیەوێت خۆی رێکبخاتەوە و شۆڕشی گۆڕانکاری بەرپا بکات، دوای ئەوە چێڵسی ئینگلیزی هات کە دەبوو زۆر یاریزان لە پێکهاتەکەی دووربخاتەوە و خۆی بۆ وەرزێکی دوای وەرزە پڕ لە شکستەکەی بلووز ئامادە بکات.
 
بەشێکی زۆر لە یانەکانی ئەوروپا چاوەڕێی رۆژی یەکی حەوتیام دەکرد. بۆ ئەوەی بەڕێکردنی ژمارەیەک یاریزان رابگەیەنن، چونکە ئەو رۆژە رۆژی کۆتاییهاتنی گرێبەستی زۆر یاریزان و کردنەوەی فەرمیی دەرگای گواستنەوەی یاریزانانیشە لە ئەوروپا.
 
پێشەنگی ئەو یانانەی رۆژێک بەرلەهاتنی مانگی حەوت هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی راگەیاند، بارسێلۆنای ئیسپانی بوو کە رۆیشتن و بەڕێکردنی یەکێک لە بارە گرانەکانی سەرشانی راگەیاند کاتێک توانی ساموێل ئۆمتیتی بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی رازی بکات، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە پاش وەرزێک لە خواستن بۆ لیچی ئیتاڵی، جارێکی دیکە گەڕابووەوە بەردەم دەرگاکانی بارسێلۆنا.
 
مانچێستەر یونایتد لای خۆیەوە، کۆتایی هێنان بە گرێبەستی هەریەکە لە مارسیل ساپیتزەر و فۆت فیگۆرستی لە ریزەکانی راگەیاند پاشئەوەی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە یانەکە مانەوە.. ساپیتزەر گەڕایەوە بایرن میونشنی ئەڵمانی و فیگۆرستیش جارێکی دیکە گەڕایەوە بێرنلی ئینگلیزیی.
 
یوڤێنتوس رۆیشتنی خوان کوادرادۆی پاش هەشت وەرز مانەوە لە یانەکە راگەیاند و بایرن میونشنیش لای خۆیەوە رۆیشتنی هەریەکە لە جواو کانسێلۆ و دانی بلیندی هۆڵەندی راگەیاند.
 
کانسێلۆ پاش کۆتاییهاتنی ماوەی خواستنەکەی لە مانچێستەر سیتییەوە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یانەیە و بلیندیش یانەکەی پێیڕاگەیاندووە کە چیدی گرێبەستەکەی نوێناکاتەوە و بەوەش ئەو یاریزانە ئازادبوو.
 
ئەم راگەیاندنانەی پەیوەست بەبەڕێکردنی یاریزانە زیادەکان، لە رۆژانی داهاتوودا دەرگای ئەنجامدانی گرێبەست لەبەردەم هەموو یانەکانی ئەوروپادا دەکاتەوە، چونکە هەموو یانەکان، چەندە پێویستیان بە رێگەدان بەڕۆیشتنی ئەو یاریزانانەیە کە راهێنەرەکانیان نایانەوێن، ئەوەندەش پێویستیان بە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانانە هەیە، کە راهێنەرەکانیان داوایان دەکەن.