ڤیدیۆ؛ گالتێ بە تۆمەتی رەگەزپەرستی دژی موسڵمانان پەلکێشی بەردەم داداگا دەکرێت

01-07-2023
ئیحسان تاهیر
کریستۆف گالتێ
کریستۆف گالتێ
نیشانەکردن کریستۆف گالتێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان و کوڕەکەی لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوودا دەچنە بەردەم دادگا، کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی رەگەزپەرستی دژی یاریزانانی موسڵمان و رەش پێست لێکۆلینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
 
خافێر بۆنهۆم، داواکاری گشتیی شاری نیس، گالتێ و کوڕەکەی بە ئەنجامدانی رەگەزپەرستی تۆمەتبارکردووە، گوایە ئەوکاتەی راهێنەری یانەی نیس بووە، لێدوانی رەگەزپەرستانەی دژی یاریزانانی موسڵمان داوە. 
 
بۆنهۆم بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بدات، دوێنێ هەینی رایگەیاند کە گالتێ و کوڕەکەی جان ڤالۆڤیچ گالتێ دەستگیرکراون.
 
گالتێ کە نزیکە لە جێهێشتنی پاریس سانجێرمان، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە گوایە لێدوانی رەگەزپەرستانەی دژی یاریزانی رەش پێست و موسڵمانی داوە، کە لە سەرەتای ئەمساڵدا وا بڵاوبووەوە گوایە بە سەرۆکی یانەی نیسی راگەیاندووە کە یاریزانی موسڵمان و رەشپێستی ناوێ و تەنانەت گوتوویەتی "ئەو موسڵمانانەم بۆ چییە؟ هەر خەریکی نوێژکردنن".
 
پێشتر میدیاکانی فەرەنسا هەواڵیان لەسەر ئیمەیڵێکی دزەپێکراوی جولیان فۆرنێری بەڕێوەبەری پێشووی تۆپی پێی یانەی نیس بڵاوکردبووەوە، کە بۆ خاوەنەکانی یانەکەی ناردبوو، تێیدا گالتێ تۆمەتبارکرابوو بەوەی کە گلەیی لەوە کردووە کە یاریزانی رەشپێست و موسڵمان زۆرن لە تیپەکەیدا.
 
کاتێک گالتێ بەو تۆمەتبارکرا کە لێدوانی رەگەزپەرستانەی دژی یاریزانانی رەشپێست و موسڵمان داوە، هەموو ئەو لێدوانانەی رەتکردەوە  و تەنانەت رایگەیاند کە رێکاری یاسایی لە دژی ئەو کەسانە دەگرێتە بەر کە هەوڵیان داوە بەرامبەر نێوبانگ و شەرەفی ئەو و ماڵباتەکەی سنوور ببەزێنن. ئەوکات گالتێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بەڕاستی تووشی شۆک بووم بەو لێدوانانەی دراونەتە پاڵ من، کە هەندێک کەس بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە ئەو کارەیان کردووە. زۆر ئازاریان دام".
 
هەروەها گوتی "ناتوانم قبووڵی بکەم ناوی من و ماڵباتەکەم بەم شێوەیە پیس بکرێت، بۆیە بڕیارم داوە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک بگرمەبەر کە بیەوێت بەرامبەر نێوبانگ و شەرەفی من سنوور ببەزێنێت، باوەڕم بە سیستمی دادپەروەریی وڵاتەکەم هەیە". 
 
ئەو گوتیشی "دڵخۆشم  کە لێکۆڵینەوەیەک لەو بارەیەوە کراوەتەوە، وەک تازە ئەم بەیانییە زانیم، بۆ ئەوەی رێگە بدرێت دادپەروەری بە هێمنی کاری خۆی بکات، هیچ لێدوانێکی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە نادەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە