پاریس سانجێرمان و رۆناڵدۆ رکابەری لەسەر ئەستێرەیەک دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی یانەی مانچێستەر سیتی دەستپێکردووە، بۆ بەدەستهێنانی تواناکانیشی رکابەریی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، یانەی پاریس سانجێرمان 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی یانەکەی ئامادەکردووە، بۆ ئەوەش دوو ئامانجی هەیە، ئامانجی یەکەمیان گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر سیتییە کە ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی 80 ملیۆن یۆرۆیە.
 
جگە لە پاریس سانجێرمان، یانەی نەسڕی سعودی کار بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکات، هەنگاوەکانیشی لە رێگەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە رازیبکات رووبکاتە خولی سعودی.
 
جگە لە بێرناردۆ سیلڤا، ئامانجێکی دیکەی پاریس سانجێرمان، گواستنەوەی هاری کەین، هێرشبەری یانەی تۆتێنهامە، بۆ ئەوەش رکابەری یانەی بایرن میونشن دەکات، کە یانە ئەڵمانییەکە دەستەوارەیەکی فەرمیی پێشکێشکردووە، بەڵام تۆتێنهام دەستەوارەکەی رەتکردووەتەوە.
 
نرخی هاری کەین ئێستا لە بازاڕدا 90 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام تۆتێنهام بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ نایەوێت دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت، بایرن میونشن رژدە لەسەر گواستنەوەی، بۆیە پاریس سانجێرمان لە ئەگەری شکستهێنان لە گواستنەوەی ئەو یاریزانەدا بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆلۆ موانی، هێرشبەری فەرەنسی و یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی دەکاتەوە.