ئەو راهێنەرەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەیەک پەیوەندی کردییە راهێنەری نەسڕ

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لویس کاسترۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی رازی بوو ببێتە راهێنەری یانەی نەسڕی سعودی و وازی لە یانەکەی هێنا.
 
یانەی بۆتافۆگۆی بەرازیلی، ئێستا پێشەنگی ریزبەندی خولی وڵاتەکەیە و بەشێوەیەکی فەرمی دەستبەرداربوونی لە لویس کاسترۆی راهێنەری یانەکەی راگەیاند و دەڵێت "کاسترۆ ئێمەی ئاگادارکردووەتە کە دەستەوارەیەکی لە دەرەوەی وڵاتەکە قبوڵکردووە و واز لە کارەکەی دەهێنێت."
 
دەستبەرداربوونی بۆتافۆگۆ لە کاسترۆ لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر میدیای بەرازیل بڵاویکردەوە، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندیی بە راهێنەرەکەوە کردووە و داوای لێکردووە کە ببێتە راهێنەری یانەی نەسڕ، لەکاتێکدا یانەکە لە دوای دوورخستنەوەی رودی گارسیا لە کارەکەی بەبێ راهێنەر ماوەتەوە، ئەو راهێنەرەش بە داواکارییەکەی رۆناڵدۆ رازی بووە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، کاسترۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ بۆ دوو وەرز دەبێت، بۆ هەر وەرزێک 6 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە دەدرێتە خۆی دەستەی راهێنەرایەتیی تیپەکە.
 
لویس کاسترۆ تەمەنی 61 ساڵە، ماوەی 25 ساڵە کاری راهێنەرایەتی دەکات، پێشتر لە پۆرتوگال راهێنەرایەتیی یانەی پۆرتۆ، ریۆ ئاڤێ، چێڤاس، ڤیتۆریا گیمارێشی کردووە، راهێنەری یانەی شاختار دۆنێتسکی ئۆکراینی، دحێلی قەتەری و چەندین یانەی دیکەش بووە و ئەزموونێکی زۆری لە کاری راهێنەرایەتیدا هەیە.
 
یانەی نەسڕ دوای چەند رۆژێکی دیکە بۆ کەمپێکی مەشق و راهێنان دەچێتە پۆرتوگال و لەوێ دوو یاریی دۆستانە ئەنجامدەدات، دوای ئەوەش روودەکاتە ژاپۆن و بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دۆستانەدا دەکات کە تێیدا بەرامبەر پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان یارییدەکات.