ئۆزێل و ئارسیناڵ لەبەردەم دووڕیانی جیابوونەوەدان

رووداو - هەولێر

دوورخستنەوەی بەردەوامی مەسعود ئۆزێل لە پێکهاتەی یانەی ئارسیناڵ و نەبوونی بیانوویەکی روون بۆ دوورخستنەوەکانی ئەو ئەستێرە ئەڵمانییە، وایکردووە رۆژنامەکانی ئینگلتەرا بەدوای هۆکار و نهێنی ئەو رووداوانە بکەون.

لە دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکانی پرێمەرلیگەوە، لە پاش راگرتنی ناچاری بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ئۆزێل بۆ تەنیا یەک خولەکیش لەگەڵ ئارسیناڵدا یارینەکردووە، لە کاتێکدا ئەو یانەیە چەندین یاریزانی سەرەکی دووچاری پێکان بووە.

سەرچاوەکان بەدوای وەڵامی هۆکاری دەرنەکەوتنی ئۆزێل لەگەڵ یانەکەیدا دەگەڕێن و بەپێی هەندێک سەرچاوە، مایکڵ ئارتێتای راهێنەری یانەکە، بڕیاریداوە بەهیچ شێوەیەک پشت بە ئۆزێل نەبەستێت.

پۆڵ مێرسۆنی یاریزانی پێشووی ئارسیناڵ، لەبارەی دۆخی ئێستای ئۆزێکەوە دەڵێ: لەتەمەنی 31 ساڵیدا ئۆزێل ناتوانێ شێوازی یاریکردنی خۆی بگۆڕێت، لە بەرامبەردا ئارسیناڵیش شێوازی یاریکردنی خۆی لەبەر ئۆزێل ناگۆڕێت.

پۆڵ وردەکاری کێشەکانی ئۆزێلی روونکردووەتەوە و دەڵێ: ئەو هەرگیز بەرگری ناکات، بەدوای یاریزان ناکەوێت، هاوکاریی هێڵی بەرگری ناکات. ئەو پێویستی بە یاریکردنە لە یانەیەک کە بەبەردەوامی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تۆپ بدات و ناچاری نەکات بەرگری بکات.

هاوکات لەسەر هەمان ئەو دۆخەی ئۆزێل پێیدا تێدەپەڕێت، جایمی ریدناپی یاریزانی پێشووی لیڤەرپوول دەڵێ: ئارتێتا وای دانانێت کە ئۆزێل یاریزانێکی گرنگی تیمەکە بێت، ئاشکرایە کە راهێنەر دەیەوێت شێوازی یاریکردنی یانەکەی بگۆڕێت، ئۆزێلیش لەوێدا جێگەی نابێتەوە.

پێشتر مایکڵ ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵ لەسەر دۆسێی ئۆزێل قسەی بۆ میدیاکان کردبوو و دەڵێ: ئۆزێل زۆر شتی بەسەردا هاتووە لە چەند هەفتەی رابردوودا، من کەی زانیم دەتوانێ باشترین ئاستی خۆی پێشکەش بکات، ئەوکات بەشداری پێدەکەم لە یارییەکاندا.

ئۆزێل لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ کۆتاییدێت و پێناچی بەر لەو مێژووە هیچ یانەیەک ئامادەبێت هەفتانە 400 هەزار یۆرۆ بە یاریزانە ئەڵمانییەکە بدات، بۆیە گواستنەوەی بۆ یانەیەکی دیکە بەبڕوای شارەزایان کارێکی ئەستەمە.