"لامین یامال لە مێسی و ئێمباپێ باشترە"

01-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، زۆر حەزی دەکرد سەردانی ئەو یانەیە بکات کە لە تەمەنی گەنجیدا دەستی بە ژیانی وەرزشیی کردووە، سی ئێف لاتۆریتا. هەروەها چەند وێنەیەکی لەگەڵ ئەو یاریزانە لاوانە گرتووە، کە رۆژێک ئاواتەخوازن وەک ئەوبن.
 
یامال لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە یاری تۆپی پێ کرد لەگەڵ سی ئێف لاتۆرێتا، پێش ئەوەی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بچێتە ئەکادیمیای بەنێوبانگی لاماسیای بارسێلۆنا. لەوێ ناوەکەی بەخێرایی لەنێو هاوڕێکانیدا دەرکەوت و بە لێهاتوویی و ناوازەیی خۆی سەرنجی راهێنەرانی یانەکەی راکێشا.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، لەبارەی لامینەوە لێدوانێکی لە ئینۆسێنت دیاز، دۆزەرەوەی تواناکانی لامین یامال لە سی ئێف لاتۆرێتا وەرگرتووە، کە بە جۆش و خرۆشەوە باسی لە لامین یامال دەکات، و لەبارەیەوە دەڵێت "ئێمە زۆر دڵخۆش بووین کە لامین لەگەڵمانە، ئەوە رۆژێک بوو کە ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بووین".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "لامین هەمیشە گەنجێکی بەڕێز و جددی بووە، تاوەکو ئێستاش هەروایە، دەزانێت لە کوێیە و چی دەوێت".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، دۆزەرەوەی تواناکانی لامین یامال، گوتی "دوای شەش ساڵی دیکە لامین یامال خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەستدەهێنێت، ئەو لە لیۆنێل مێسی باشترە، توانای زیاتری هەیە، ئەو تێکەڵەیەکی جەستەیی مێسی و رۆناڵدۆیە، ئەوەی لە تەمەنی 16 ساڵیدا کردوویەتی ئاسان نییە. ئەمساڵ بارسێلۆنا وەک ساڵانی رابردوو نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لامین دەدرەوشێتەوە".
 
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا لامین یامال لە ئاستی کیلیان ئێمباپێدایە، ئینۆسێنت دیاز لە وەڵامەکەیدا یەکلاکەرەوە بوو و گوتی "ئێمباپێ دەبێت رکابەری لەگەڵ بکات، ئەو باشترە لە ئێمباپێ. ئەستێرە فەرەنسییەکە بانگەشەیەکی زۆری بۆ دەکرێت و دەچێتە ریال مەدرید، بەڵام داهاتوو هی لامینە".
 
لەم دواییانەدا لامین یامال وەک باشترین یاریزانی لاوی خوار تەمەنی 23 ساڵ لە خولی ئیسپانیا بۆ وەرزی 2023-2024 هەڵبژێردرا.
 
یامال 37 یاری لە خولی ئیسپانیا ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا 5 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 ئەسیستیشی هەبووە. ئەو بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی خولی ئیسپانیادا پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 17 ساڵ 5 گۆڵ تۆماربکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە