سامی زەینی زۆرانبازی کەنەدی عومرەی ئەنجامدا

01-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سامی زەین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سامی زەین، زۆرانبازی کەنەدی بەڕەچەڵەک سوری، دیمەنەکانی گەشتەکەی لە کاتی ئەنجامدانی رێوڕەسمەکانی عومرەدا بڵاوکردەوە، پێش بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتی جیهانی زۆرانبازی ئازاد، کە رۆژی شەممەی رابردوو، لە شاری جددەی سعودییەوە بەڕێوەچوو.
 
سامی وێنەی گەشتەکەی لە مزگەوتی حەرام و ساتەکانی لە حەرەمەکە و لە کاتی ئەنجامدانی عومرەدا بڵاودەکاتەوە، لە کۆمێنتێکدا دەڵێت "نەیتوانیوە بە وشە هەستەکانی خۆی وەسف بکات".
 
لە تویتێکدا لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی "وەک زۆرانبازێکی پیشەگەر، دەرفەتێکم بۆ رەخسا سەردانی ئەو شوێنانە بکەم کە خەونم پێیانەوە نەبینیبوو، و کارێکم کرد کە چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد بیکەم. ئەم کارە ژیانێکی پڕ لە ئەزموونی پێبەخشیم. ئەزموونە سەرسوڕهێنەرەکان کە بۆ هەمیشە شانازییان پێدەکەم، ئەم ئەزموونە بۆ پێشینەی هەموو ئەزموونەکانم، سوپاس بۆ خوا".
 
ئەکاونتی فەرمی پاڵەوانێتی زۆرانبازی ئازادی جیهانی WWE کلیپێکی سەردانەکەی سامی بڵاوکردەوە، بە ناوی "سامی کاریگەری سەردانەکەی بۆ مزگەوتی حەرام دەگێڕێتەوە، کە ژیانی گۆڕیوە".
 
ئەو وێنانەی سامی بڵاویکردوونەتەوە، کاردانەویەکی بەرفراوانیان لێکەوتەوە، بینەرانی نێودەوڵەتی و عەرەبیش بە رێزێکی زۆرەوە پێشوازییان لێکردن و هیوایان خواست کە خوای گەورە عەمرەکەی قبوڵ بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە