لێدوانی فەرمی سعودیە لەبارەی مێسی و بنزیماوە

01-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کەریم بنزیما خولی سعودیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وەرزشی سعودیە پرسی پەیوەندیکردنی هەریەکە لە لیۆنێل مێسی و کەریم بنزیما بە خولی وڵاتەکەیەوە گەرمتر دەکات و لەبارەی ئەو دوو گرێبەستەوە قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات.
 
ئەمیر عەبدولعەزیز بن تورکی، وەزیری وەرزشی سعودیە لە دوای یارییەکەی ئیتیحاد و تائی لە دوایین گەڕی خولی سعودیە، کە ئیتیحاد یارییەکەی بردەوە و نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا، گوتی "بنزیما و مێسی؟ ئەمە ئەرکی یانەکانە گرێبەستەکانیان رابگەیێنن و لە کاتێکی گونجاودا ئەوە دەکرێت."
 
وەزیری وەرزشی سعودیە داوای لە رۆژنامەڤانان کرد ئارام بن و لە بارەی یەکلاکردنەوەی ئەو دوو گرێبەستە گەورەیە گوتی "هەرکاتێک هەردوو یاریزانەکە بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندییان لەگەڵ هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید نەما، کاتی گونجاو دەبێت بۆ راگەیاندنی هەڵوێستی فەرمی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو دوو ئەستێرەیە گەورەیە، بەڵام ئەوە دوای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکانیان دەبێت لەگەڵ یانەکانی ئێستایان."
 
ئەم قسانەی ئەمیر عەبدولعەزیز بن تورکی، وەزیری وەرزشی سعودیە لە کاتێکدایە، هەردوو یاریزانەکە لە سعودیە داواکراون، یانەی هیلال بۆ گواستنەوەی مێسی لەسەر هێڵە و ئیتیحادیش دەیەوێت بنزیما بباتە ریزەکانی.
 
هەردوو یاریزانەکە بڕیاری کۆتایی خۆیان نەداوە و گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانی ئێستایان لە 30ـی ئەم مانگە کۆتاییدێت.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لەبارەی ئەو دەستەوارەیەی بۆ مێسی ئامادەکراوە قسەی جیاواز دەکەن، چەند سەرچاوەیەک دەڵێن 500 ملیۆن یۆرۆ بۆ یەک وەرز دەدرێتە یاریزانەکە و هەندێکی دیکەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هیلال لە مانگی نیسانی رابردووە 400 ملیۆن یۆرۆی پێشکێشی مێسی کردووە.
 
بۆ کەریم بنزیماش بۆ دوو ساڵ 200 ملیۆن یۆرۆ ئامادەکراوە و چاوەڕواندەکرێت یاریزانەکە لەم رۆژانەدا ماڵئاوایی لە ریال مەدرید بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە