مان سیتی نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆڤاچیچ

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی مانچێستەر سیتی، نزیکە لە بردنی ماتیۆ کۆڤاچیچی یاریزانی کرواتیی یانەی چێڵسی بۆ ریزەکانی. میدیاکانی بەریتانیاش دەڵێن "مانچێستەر سیتی لەسەر هەموو شتێک لەگەڵ کۆڤاچیچی یاریزانی یانە لەندەنییەکە رێککەوتووە".
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، یاریزانی هێڵی ناوەراستی چێڵسی لە 3 وەرزی رابردوودا، زۆر نزیک بووەتەوە لە چوون بۆ ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی، پاڵەوانی خولی نایابی ئینگلیزی.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، پسپۆڕی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانیش، دووپاتیکردووەتەوە کە کارگێڕیی یانەی مانچێستەر سیتی لەسەر هەموو مەرجەکانی گرێبەستەکە لەگەڵ کۆڤاچیچ رێککەوتووە.
 
رۆمانۆ لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە تویتەر، ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستاندنێکی راستەوخۆ هەیە کە لە ماوەی چەند کاژێرێکی داهاتوودا لە نێوان کارگێڕیی هەردوو یانە ئینگلیزییەکە دەستپێدەکات، بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم گرێبەستە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، یاریزانە کرواتییەکە دوابڕیاری خۆی بۆ جێهێشتنی ریزەکانی یانە لەندەنییەکە لەم هاوینەدا داوە.
 
ماتێۆ کۆڤاچیچ، تەمەن 29 ساڵ، ماوەی گرێبەستی لەگەڵ بلوز. کۆتایی وەرزی داهاتوو، لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت و ئەوکات دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە، بۆیە پێدەچێت بەرپرسانی چێڵسی رازی بن دەستبەرداری بن بۆ بەرژەوەندی مان سیتی.
 
ئەستێرە کرواتییەکە لە هاوینی 2019ـەوە یاری بۆ یانەی چێڵسی دەکات، کە لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە پەیوەندی بە یانەی چێڵسییەوە کردووە.