داهاتووی سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول ئاڵۆزە

01-06-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دواڕۆژی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول بەتەواوی دیارنییە و هێشتا یانەکە گڵۆپی سەوزی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە هەڵنەکردووە.
 
داهاتووی محەممەد سەڵاح لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول دیارنییە، میدیای بەریتانیا دەڵێت " ئەگەر داواکارییەکانی یاریزانەکە جێبەجێنەکرێن، سەڵاح بێبەرامبەر دەچێتە یانەیەکی رکابەر لە پرێمەرلیگدا، هەرچەند لیڤەرپوول ئامادەیە 15٪ دەستەوارەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا یاریزانەکە پێشتر داوای 500 هەزار پاوەندی دەکرد لە هەفتەیەکدا."
 
بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئەگەر داواکارییەکانی سەڵاح جێبەجێنەکرێن یاریزانەکە بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە، لە ئەگەری رێککەوتنیش ئامادەنییە گرێبەستەکەی بۆ چوار ساڵ نوێبکاتەوە، بەڵکو بۆ دوو ساڵ نوێی دەکاتەوە.
 
گرێبەستی سەڵاح لە 2023 کۆتاییدێت و مووچەکەی لە هەفتەیەکدا 200 هەزار پاوەندە، کە ڤاندایک لەو زیاتر وەردەگرێت.
 
محەممەد سەڵاح، لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و بە تۆمارکردنی 23 گۆڵ، بە هاوشانی لەگەڵ سۆن هیونگ مین بووە گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولەکە، بۆیەش داوای بەرزکردنەوەی مووچەکەی دەکات.
 
هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوەدەکەن، یانەی مانچێستەر سیتی بیر لە گواستنەوەی سەڵاح دەکاتەوە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، بەڵام پرۆسەکە ئاڵۆز و زەحمەتە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە