هەولێر - رووداو
لیژنەی هونەری و پێشکەوتن لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، وۆرکشۆپێکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هونەری راهێنەرانی عێراق بەشێوازی ئۆنلاین کردووەتەوە.
وانەکانی ئەم وۆرکشۆپە لەلایەن راهێنەرانی نێودەوڵەتی و شارەزایانی نێودەوڵەتی دەگوترێنەوە، راهێنەرانی عێراقیش بەشداری تێدا دەکەن و نوێترین یاسا و کاری راهێنەرایەتی تێدا باس دەکرێت.
شامل کامل، سەرۆکی لیژنەی هونەری و پێشکەوتن لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "وانەکانی خولەکە یەکجار بەهێز و پێشکەوتووە لە بواری هەنگاوەکانی ئامادەکاری و راهێنان بە یاریزانان، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان راهێنەرانمان".
یەکەم وانەی وۆرکشۆپەکە لەلایەن د.قاسم لەزام، وانەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا گوترایەوە، باسی پێداویستییەکانی راهێنان و ئامادەکاری تیپەکانی کرد بەر لە چوونە نێو یاری و خولەکان.
کامل، زیاتر گوتی "دەمانەوێت زیاتر لێهاتوویی لە راهێنەرانی عێراق ببینین، تایبەت لە ناو وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆ کراوەیە و راهێنەرانیش بۆچۆنی خۆیان دەردەبڕن، ئێمەش وانەبێژی باشمان دەست نیشانکردووە بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە زۆرەی لە ناو یاریگەکاندا هەیانە بیبەخشنە راهێنەرانی عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ